کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی‌‌ یه‌کیەتیی پیشه‌ییی مامۆستایانی کوردستانی ئێران

11:40 - 28 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: یه‌کیەتیی پیشه‌ییی مامۆستایانی  کوردستانی ئێران، به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکییەوە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

هەروەک ئاگادارن، ڕێکخراوی "یۆنسکۆ" کە دەبێتە بەشی پەروەردە و کولتوور لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ڕۆژی ٢١ی فێوریە، بەرانبەر بە ٢ی ڕەشەمە، وەک ڕۆژی زمانی دایکی، بە مەبەستی بەرزڕاگرتن و زیندووهێشتنەوەی زمانی دایکی لە سەرانسەری جیهان دیاری کردووە. یەکێک لە ئامانجەکانی دیاریکردنی وەها ڕۆژێک لە لایەک بریتیە لەوە کە خەڵکانی هەموو جیهان ئاگادار ببنەوە، کە بە گرینگیەوە بڕواننە زمانی دایکیی خۆیان و  بە هەموو توانایانەوە گەشە و نەشەی پێ بدەن. لە لایەکی دیکەشەوە پەیامێکی ئاشکرایە بۆ دەسەڵاتە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرەکان کە دەبێت واز لە پرۆژەی دەستەگەری شۆڤینیستی و ناسەردەمیانەی خۆیان بە مەبەستی لەنێوبردن و تواندنەوەی زمانی نەتەوە بێدەوڵەت و بێدەسەڵاتەکانی دیکە بهێنن. بەپێی بڕیارنامە و پلانی جێبەجێکردن، یۆنسکۆ  هەموو دەوڵەتانی ئەندامی خۆی ڕادەسپێرێت کە یادی ڕۆژی زمانی دایکی بەوپەڕی ڕێزەوە بکەنەوە و دەرفەتێک بگونجێنن کە لەودا هەموو منداڵانی وڵاتەکەیان بەبێ جیاوازی ئیمکانی دەستڕاگەیشتن و بەکارهێنانی زمانی دایکیان ببێت و  بە شێوەی یەکسان ڕوو لە گەشە و هەڵکشان بکەن.

خۆشەویستان!

لە سەردەمی ئێمەدا هەموو لایەکمان گرینگی زمانی دایکیمان بۆ ڕوون بووەتەوە. زمانی دایکی یانێ زمانێک کە دایک و باب لە سەرەتای دەسپێکی دنیای منداڵییەوە لەگەڵی دەدوێن و یەکەمین مێلۆدی و نەوای دەنگییە کە بە گوێچکەی ئاشنا دەبێت. واتە ئەو زمانە یەکەمین دیارییە کە لە لایەن دایکیەوە پێی دەبەخشرێت. لە درێژەدا دەبێتە یەکەم ئامرازی پێوەندی بۆ مانەوەی لە نێو بنەماڵەدا و پاش فێربوونی بڕیک لە بەها کولتوورییەکانی نزیک لە بنەماڵەکەی، لەم ڕێگایەوە خۆی بۆ چوونە نێو پانتایی کۆمەڵگە ئامادە دەکات. لە ڕاستیدا، ئەوە یەکەمین زمانە کە منداڵ بۆ سەرەتاکانی ژیان ساز دەکات، دیارە کە دایک و بابیش لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵی تۆکمەی ناوەندی دەگێڕن. ‌ڕاهێنان و گەشەکردنی منداڵ لەسەر ڕێچکەی زمانی دایکی، دەبێتە هۆی ئەوەی کە منداڵ پێوەندی خۆی لەگەڵ بنەماڵەدا بە پتەوی بهێڵێتەوە و تێگەیشتنێکی دوو لایەنەی بەهێزیان لەگەڵ یەکتر ساز بکەن. هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە گرینگییەوە بڕوانێتە کەلەپووری پێشینیانی خۆی و ڕێز لە دەر و دراوسێ و دۆستانی بنەماڵەکەی بگرێت، کە گشتیان بە یەکەوە بە یەک زمانی دەدوێن.

ئێستاکە زیاتر لە هەموو وەخت گرینگی و بایەخی زمانی دایکیمان بۆ ڕوون بووەتەوە و ڕێکخراوێکی نێونەتەوەیی وەک یۆنسکۆی لە پشتە، ئیتر دەسەڵاتە سەرەڕۆکان ناتوانن وەها بە ئاسانی و بە بیانووی ئاین یا پلەبەندی نژادپەرەستانەی پێکهاتەکان یا بە ناوی زمانی ڕەسمی وڵات، هەوڵی سڕینەوەی زمانی نەتەوەکانی بەشخوراو و بندەستەکانی خۆیان بدەن. حاشاکردن لە زمانی هەر گەل و نەتەوەیەک بە مانای حاشاکردن لە کولتووری دەوڵەمەندی ئەو گەلەیە و بە هەوڵێکی ستەمکارانە بۆ کوێرکردنەوەی شوناسی نەتەوەیی و بە لاڕێدابردنی مێژووی گەلان بە ئەژمار دێت. بەربەرەکانێی لەنێوبردنی زمان، جیا لەوەی کە بە مانای تێنەگەیشتن لە گرینگیی بەهای زمانە، بەڵكوو ململانێکردن لەگەڵ خسڵەت و زاتی ڕاستەقینەی مرۆڤاکانە و ئەوە دەگەیەنێت کە نێوەڕۆکی دەسەڵاتی تاقمی فەرمانڕەوا پووچە و خاوەنی هیچ ڕەوایییەک نییە.

بنەماڵە بەڕێزەکان!

بەکارهێنانی زمانی دایکی ڕێگە بە دایک وباب دەدات، کە منداڵەکەیان باشتر ڕابهێنن و بە هەڤڕا شتی نوێ فێر ببن. منداڵ و دایک و باب بۆ ئەوەی بە یەکەوە هەست بە ئارامی و خۆشی زیاتر بکەن، پێویستە بە زمانی دایکی خۆیان قسە لە ئەزموونی نوێ بکەن، لە وشە و پیت و ژمارە بکۆڵنەوە و بە ڕێکخستنیان نوێکاری بکەن. ئەگەر ئەم ڕەوتە لە ڕەوتی خوێندنیشدا درێژەی پێ بدرێت، دەکڕێت بەرهەمی ئەدەبی و هۆنەری لێ بکەوێتەوە و لەگەڵ هی گەلانی تر ئاڵوگۆڕیان پێ بکرێت.

قوتابیان! بنەماڵە بەڕێزەکان!

زمانی كوردی وەك زمانی دایكی هەر تاکێکی کورد دێتە ئەژمار و یەكێكە لەو زمانانەی كە بە درێژایی مێژوو لە لایەن داگیركەرە جۆراوجۆرەكانەوە هەوڵی بێڕیزیكردن و ڕەشکردنەوەی دراوە. دەبێت ئەوە بزانین کە دەسەڵاتە خوێنمژەکانی تاران هەمیشە بە پلان و بەرنامەی درێژخایەن هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئێمەی کورد و چارەنووسمان کردووە. ئەوان لەمێژە گرینگی و بایەخی زمانی دایکی ڕۆڵەکانی ئەم خاکەیان بۆ دەرکەوتووە و بۆ ئەوەی بتوانن هەروا بە بەردەوامی سەروسامانی کوردستان بەتاڵان ببەن، چی لەوە باشترە کە هەوڵی تواندنەوەی زمانی ئەم گەلە بدەن و شوناسی مێژوویی و نەتەوەیییان لێ بستێننەوە. هەر بۆیە ئەوان باش زانیویانە کە پەنجە لەسەر چی دابنێن و كام یەک لە بنەما هەستیارەکانی گەلی کورد بکەن بە نیشانە، ئەوان باش دەزانن کە زمانی كوردی یەكێكە لەو ئامرازە گرینگانەیە كە ڕۆڵی هەیە لە دروستكردنی هەستی هاوسۆزی گشتی و دەتوانێت ئیلهامبەخشی ڕۆحی نەتەوەیی گەلێکی یەخسیرکراو بێت. تێئۆریسۆنە جەنایەتکارەکانی دەسەڵاتی ستەمکاری ئێران بەجوانی لەوە تێگەیشتوون كە ڕێگەدان بە گەشەی زمانی کوردی بەهێزبوونی ڕۆحی یەکیەتی و سۆزی برایەتی گەلی کوردی لێ دەکەوێتەوە. ئەمەش واتە خۆبەدەستەوەنەدان و خۆبەكەمنەگرتن، ئەویش دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتێک کە لەسەر بنەمای خوێنڕێژی و سێدارە و ستەم بونیات نراوە.

مامۆستایانی تێكۆشەر و چاونەترسی كوردستان!

منداڵانی ئێمە سەرەڕای ئەوەی کە لەسەر خاک و نیشتمانی خۆیان و باب و باپیرانیان دەژین، کەچی بەپێچەوانەی هەموو یاسا و ڕێسا ئایینی و شەرعی و جاڕنامە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ، ڕێگری لە خوێندن بە زمانی خۆیان دەکرێت و لەو مافە ئینسانییە بێبەش کراون. ئەگەرچی کۆمەڵگەی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاکامی پیلان و پرۆژەی جۆراۆجۆری دژەمرۆیی وەک "یەک دەوڵەت ـ یەک نەتەوە" ، "ئۆمەتی واحیدە"،  "دروشمی برایەتی درۆیین و هەزار فێڵ و دەسیسەی دیکەدا توانیویەتی تا ڕادەیەک پارێزگاری لە زمان و کولتووری دەوڵەمەندی خۆی بکات و  بە دەستی نەوەی ئەمڕۆی بگەیەنێت، بەرهەمی مێژووییەک لە فیداکاری و کۆڵنەدانی چڕوپڕە کە لەسەر دەستی باشترین ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە تۆمار کراوە. ئەمڕۆ لەگەڵ ئەوەی کە بزووتنەوەی کورد بۆ وەدیهێنانی ماف و ئازادییەکانی خۆی بە قۆناغێکی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت، دەبینین کە مامۆستایان، دڵسۆزان و ڕووناکبیرانی گەلەکەمان بە دامەزراندنی ئەنستیتۆ، نووسینگە، ئەنجومەن، دەزگای چاپەمەنی و چالاکی ئەلێکترۆنیکی لە بیری زیندووڕاگرتنی زمانی دایکیی خۆیاندان و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ  پیلانەکانی حکوومەتی کۆنەپەرەستی خومەینی بە دژی وێژە و زمانی کوردی پووچەڵ دەکەنەوە.

یەکیەتیی پیشەییی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، بە ئەرکی سەرەکی خۆی دەزانێت، کە لە سەقامگیرکردنی پرسی زمانی دایکی  لە هەموو بوارەکاندا پێداگری بکات و بۆ ئەو مەبەستەش لە تێکڕای مامۆستایان دەگێڕێتەوە کە جیا لە کاروچالاکییەکانی ڕۆژانەی خۆیان، بەپیر بانگەوازی ڕۆژی زمانی دایکییەوە بێن و ئامانج و خاڵە پێوەندیدارەکانی بۆ قوتابیان شی بکەنەوە. ڕێژیمی دووڕووی ویلایەتی فەقیهی ئەگەرچی ئەندامی ڕێکخراوی یۆنسکۆیە و ئەندامی نەگۆڕی لەوێدا هەیە، یەکێک لەو وڵاتانەشە کە بڕیارنامەی ڕۆژی جیهانیی رێزگرتن لە زمانی دایکی واژۆ کردووە. بەڵام وەک دەبینین نە تەنیا هیچ هەنگاوێک بۆ گەشەی پرسی زمانی دایکیی نەتەوە بندەستەکان هەڵ ناگرن، بەڵکوو بەپێچەوانە، بەردەوام خەریکی پلانگێڕیی سڕینەوە و  بچووککردنەوەی بایەخی زمانەکانی دیکەن.

لە كۆتاییدا، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایكییەوە، لە ڕێگەی یەکیەتییەکەمانەوە پیرۆزبایی لە هەموو ئاخێوەرانی زمانی كوردی و بەتایبەتی مامۆستایان و قوتابییانی نیشتمانپەروەر دەکەین و ڕێز لە هەموو زمانە جیاوازەكانی دیكە دەگرین. هەروەها سەری ئەمەگناسی و نەوازش بۆ تێکڕای ئەو تێكۆشەرانە دادەنەوێنین كە بەوپەڕی سەخاوەتەوە و لە دژوارترین هەلومەرجەكاندا خزمەتیان بە زمان و ئەدەبی كوردی كردووە. لە هەمان كاتدا هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە كە تا مامۆستایانی شۆڕشگێڕ و دەروەستی كوردمان هەبن، ئاڵای هەوڵ و تێکۆشان بۆ دەستەبەربوونی مافەکانی زمانی دایکی هەروا بە شەکاوەیی دەمێنێتەوە.

یەكیەتیی پیشەییی مامۆستایانی كوردستانی ئێران

١٣٩٧ هەتاوی