یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ١٢ی بانەمەڕ ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ئیسماعیل شەریفزادە لە ڕێبەرانی ٤٦ـ٤٧ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە. لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە ئەرکی سەرشانی هەموو خوێندکار، خوێندەڤان و مامۆستایەکە دژی بە داگیرکەرانی کوردستان بەتایبەت ڕێژیمی کۆنەپەرەستی ئاخوندیی ئێران ڕاوەستنەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
١٢ی بانەمەڕ هێمای خەباتی چەک و پێنووسی کوردە
٥٤ ساڵ پێش کە دەسەڵاتی سەرەڕۆی پاشایەتیی بە خەیاڵی خۆی لەوپەڕی دەسەڵات و بەهێزیدا بوو و نازناوی ژاندارمی ناوچەکەی بە خۆ بەخشیبوو، لە شاخەکانی کوردستان لەلایەن خەباتگێڕانی کورد ئەو ئیدعا پووشاڵییە وە درۆ کەوتەوە و ماوەی ۱٨ مانگ خەباتێکی چەکداریی ڕزگاریخوازانە و مافخوازانە بەردەوام بوو. ئەم خەباتە کە لە مێژوودا بە خەباتی ٤۷ـ٤٦ ناسراوە لەلایەن کۆمەڵێک کادر و پێشمەرگەی تێکۆشەری حیزبی دێموکراتەوە سەری هەڵدا کە بوونی شەهید ئیسماعیل شەریفزادە وەکوو خوێندکارێک لەم خەباتەدا تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاکێشی بەم قۆناغە لە مێژووی خەباتی گەلەکەمان بەخشی.
ڕاستە لەم قۆناغەی لە خەباتی نەتەوەکەمان کەسانێکی دیکە وەکوو مەلا ئەحمەد شەڵماشی ناسراو بە مەلا ئاوارە، شەهید عەبدوڵڵا موعینی و کەسانێکی دیکه بەشدار بوون و لەم ڕێگایەدا گیانی پاکی خۆیان فیدا کرد، بەڵام ڕۆڵ و بەشداریی کەسێکی وەکوو شەهید ئیسماعیل شەریفزادە کە خوێندکاری بەشی پۆلی تکنیکی زانکۆی تاران بوو، گڕ و تینێکی تایبەتی بەم خەباتە بەخشی.
ئەم ڕۆڵ و گرنگییەی شەهید ئیسماعیل شەریفزادە لەلایەن خوێندکارانی دێموکراتەوە لە ساڵی ۱۳٨۳ی هەتاوی بەرز نرخێندرا و وەکوو ئەمەگناسییەک بۆ ئەو شەهیدانە بەتایبەت شەهید ئیسماعیل شەریفزادە ڕۆژی ۱۲ی بانەمەڕ، کە ڕۆژی شەهیدبوونی ئیسماعیل شەریفزادە بوو وەکوو ڕۆژی خوێندکاری کورد دیاری کرا.
ڕاستە خەباتی نەتەوەخوازی و ڕزگاریخوازانەی کورد لە قۆناغە گرینگەکانی مێژوو لەسەر دەستی سەرجەم ڕۆڵە بەئەمەگەکانی کورددا ئەنجام دراوە، بەڵام هیچ کاتێک خەباتی کورد لە هەبوونی توێژی خوێندەوار و ڕووناکبیرانی سەردەم بەتاڵ نەبووە و ئەم کەسانە لە زۆربەی شۆڕشەکاندا ڕۆڵی پێشەنگایەتییان گێڕاوە و ئاڵاهەڵگری خەباتی نوێ و سەردەمیانە بوون، کە دەکرێت ئاماژە بە ڕۆڵی شەهید پێشەوا قازی محەممەد وەکوو ڕووناکبیری سەردەمی خۆی، شەهید ئیسماعیل شەریفزادە، شەهیدی ڕێبەر دوکتور قاسملوو، دوکتور شەرەفکەندی و سەدان خوێندەڤان و ڕووناکبیری دیکە لە ڕێزەکانی شۆڕشی ڕزگاریخوازانە و ناسیۆنالیزمانەی پشتئەستوور بە دێموکراسی بکرێت، کە بوونیان لە شۆڕشدا هەوێنی کوردایەتییەکی عەقڵانی و ئاوەزمەند بووە.
توێژی خوێندکار کە بە توێژی ڕەخنەگر و پرسیارخولقێنی کۆمەڵگاکان دەناسرێن، لە کۆمەڵگای کوردیدا بە هۆی کەشوهەوایەکی سیاسیی تایبەت و بەستێنی ئازادیخوازیی کوردستان لە هەموو کۆمەڵگایەک زیاتر ڕۆڵی خۆیان کە هەمان ڕەخنەگرتن و گۆڕانخوازییە دەگێڕن و لە هەر خەبات و شۆڕشێکدا هەبن بە دڵنیاییەوە خەباتێکی ئاوەزمەند و سەردەمیانە وێنا دەکرێن، بۆیە هەنووکە کە کۆمەڵگا کوردستان بە دەستی داگیرکەرانەوە دەناڵێنێت، ئەرکی سەرشانی هەموو خوێندکار، خوێندەڤان و مامۆستایەکە دژی بە داگیرکەرانی کوردستان بەتایبەت ڕێژیمی کۆنەپەرەستی ئاخوندیی ئێران ڕاوەستنەوە و بە پشتیوانی لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد زیاتر لە هەمیشە پاڵنەر و تەواوکەری ڕەوتی مافخوازیی نەتەوەی کورد بن.
سەرکەوێت خەباتی ڕەوای کورد
بەرز و پیرۆز بێت یادی شەهیدان ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان.
یادی شەهیدانی خوێندکاری کورد پیرۆز بێت
بڕووخێت کۆشکی ستەم و زۆرداریی داگیرکەرانی کوردستان
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
۱۲ی بانەمەڕی ۲۷۲۱ی کوردی