کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، سەبارەت بە شەهیدبوونی کاک لوقمان مێهفەر

19:13 - 21 خاکەلێوه 2721

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بە شەهیدبوونی کاک ''لوقمان مێهفەر'' تێکۆشەری دێرین و ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیەنداوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنە:

"مەرگی مرۆڤی شۆڕشگێڕ گەرچی دڵتەزێنە، بەڵام هاندەرە بۆ درێژەدانی ڕێبازەکەی"

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە هاوڕێی تێکۆشەر و خەباتکاری ڕۆژە سەختەکانی خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد و ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کاک لوقمانی مێهفەڕ، ڕۆژی شەممە، ٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ی کوردی، لە تەمەنی ٥٧ ساڵیدا، پاش بەربەرەکانییەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی و پەتای کۆرۆناوە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر سەنگەری خەبات و بەرخۆدانی بۆ هاوسەنگەران و هاوڕێیانی بەجێ هێشت.

کاک لوقمان مێهفەڕ، یەکێک لەو لاوە خوێنگەرم و بەئەمەگانەی خۆرهەڵاتی نیشتمان بوو، کە پاش هاتنە سەرکاری ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران، هەستی بە چەوساندنەوە و بندەستیی نەتەوەکەی کرد و لە تافی لاویەتیدا چەکی شەرەف و بەرخۆدانی کردە شانی و هەتا دوایین هەناسەی درێژەدەری ڕێگای پڕسەرەوەریی شەهیدان بوو.

شەهید لوقمان مێهفەڕ، لە سەردەمی خەبات و تێکۆشانی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا، بەهۆی دڵسۆزی و لێهاتوویییەوە توانی پلە تەشکیلاتییەکان یەک لە دوای یەک ببڕێت و لە سەرجەم ئەو ئەرکانەی کە پێی ئەسپێردرا بەهۆی خەمخۆری و ماندووبوونەوە سەرکەوتوو و سەربەرز دەر دەچوو، کە دوایین پلەی تەشکیلاتی ناوبراو، هەڵبژاردنی لە کۆنگرەی ١٦هەمی حیزبی دێموکرات وەکوو ئەندامی ناوەندی سیاسی بوو.

بەم بۆنەوە یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، بەداخبوونی خۆی بۆ شەهیدبوونی کاک لوقمان ڕادەگەیەنێت و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو و هەروەها هاوسەنگەران و ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکات و خۆی بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانێت.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ی کوردی