کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات بەبۆنەی ٢٤ی ڕەشەمە

11:37 - 24 رەشەمه 2720

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٤ی ڕەشەمە ساڵڕۆژی دامەزراندنی ئەم یەکیەتییە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ژنانی ئازادیخوازی کوردستان!

٧٥ ساڵ بەر لە ئێستا، هەلومەرج و قۆناغێکی سیاسی ــ مێژوویی تایبەت بۆ جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا ڕەخسا. بەرهەمی ئەو قۆناغە، دامەزراندنی یەکەمین کۆماری دێموکراتیکی کوردستان بە سەرۆکایەتیی پێشوای نەمر قازی محەممەد بوو.

کۆماری کوردستان لە ماوەی تەمەنی ١١ مانگی دەسەڵاتداریی پڕ ئەزموونی خۆیدا گەلێک دەسکەوتی گەورە و بەنرخی لە مێژووی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەماندا تۆمار کرد. یەکێک لەو دەسکەوتە زێڕینانە دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو لەسەر بنەما فیکری و سیاسییەکانی ڕێبەرانی کۆماری کوردستان و بەتایبەتی پێشەوا قازی محەممەد کە بە بیر و ڕامانی پێشکەوتنخوازی و ئینسانییەوە هەستی بەو بۆشاییە مێژوو‌ییە لە بەشداریی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریدا کردبوو.

هاوکاتیش لەو قۆناغەدا هەستی بە پێویستیی دامەزراندنی ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژنانی کوردی کردبوو و بەتایبەتی دەیزانی کە بەبێ ‌بەشداری و چالاککردنی ژنان لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، کۆمەڵگای کوردستان لەگەڵ بۆشاییەکی گەورە بەرەوڕوو دەبێت و ڕێگای پێشکەوتنی ئەستەم دەبێت؛ چون کۆمەڵگای ئەو کات، کۆمەڵگایەکی داخراو و نەریتی بوو بۆ ژنان.

ژنان لەو دەورانەدا لەگەڵ نەخوێندەواری و نەبوونی دەرەتانی ئازاد بۆ خۆ پێگەیاندن و بردنەسەری ئاستی ڕۆشنبیری بەرەوڕوو بوون. ئەمەش ئاستەنگێکی گەورەی لە بەردەم ژناندا دروست کردبوو. هەر بۆیە لەلایەن ڕێبەرانی کۆمارەوە بەستێنەکانی پێویست بۆ دامەزراندنی یەکەمین ڕێکخراوی ژنانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا ئامادە کرا و بە فەرمی لە ڕۆژی ٢٤ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان ڕاگەیەندرا ‌و دەستی بە تێکۆشانی خۆی کرد و هاوکات "مینا خانمی قازی" واتە هاوژینی بەئەمەگی پێشەوا قازی محەممەد وەک یەکەمین بەرپرسی ئەم ڕێکخراوەیە دیاری کرا.

ژنانی مافخواز و تێکۆشەر!

لە کاتێکدا یادی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەینەوە کە جیهان بەگشتی‌ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، بە قۆناغێکی سەخت ‌و دژواردا تێدەپەڕێت.

خەبات و تێکۆشانی ژنانی جیهان شکڵێکی نوێی بە خۆیەوە گرتووە و ژنانی کورد زیاتر لە پێشوو لە بوارەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ‌و فەرهەنگیدا لە مەیداندان‌ و لە هەموو دامەزراوەکان ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن ‌و شان بە شانی پیاوان بەرەوپێش دەڕۆن.

هاوکات خەباتی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای بەربەست و سەرکوتەکانی کۆماری ئیسلامی، وێڕای خەبات ‌و تێکۆشانی ژنانی ئێران بۆ گۆڕینی یاسای دژە ژنی کۆماری ئیسلامی بەرچاو بووە و هەموو کات پێشەنگی بزووتنەوەکانی ئازادیخوازی لە ئێراندا بوون و خۆڕاگرانە بەربەرەکانێ بۆ مافە ڕەواکانی خۆیان دەکەن ‌و لە پەنای ئەوەشدا، مەسەلەی نەتەوایەتییان لە بیر نەکردووە و قوربانییان بۆ داوە.

هەر بۆیە هەمیشە هێزی سەرەکین لە هەر جموجۆڵێک کە باس لە گۆڕانی ئەم ڕێژیمە دەکەن و هاوکات زۆرترین قوربانییان لەو پێناوەدا داوە.

بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەش دەسبەسەرکرانەکانی ئەم دواییانەی کوردستان کە ژمارەیەکیان ژنانی ئازا و خۆنەویست بوون، یاخود سەپاندنی حوکمی ناڕەوای ٥ ساڵ زیندان بۆ زارا محەممەدی، تەنیا بە تاوانی  وتنەوەی وانەی زمانی دایکی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە ژنی کورد چۆن توانیویەتی بە ئەنجامدانی ئەرکە سەرەتاییەکانی خۆیان بەرامبەر بە نەتەوە و مافی یەکسانیی ڕەگەزی، دوژمن وەزاڵە بێنن.

هەر لەو بۆنە پیرۆزەدا جێی خۆیەتی کە سپاس ‌و پێزانینی خۆمان بۆ پشتگیری و ڕێنوێنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بکەین کە هەر دەم پشتیوانێکی بەهێزی ڕێکخراوەکەمان بووە بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی ڕزگاریخوازیی ژنانی کوردستان.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە مێژووییە لە هەموو ئێوەی بەڕێز و ژنانی کوردستان دەکەین.

سەرکەوتن بۆ خەباتی یەکسانیخوازیی ژنان

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ی هەتاوی

١٣ی مارسی ٢٠٢١ زایینی