کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

19:06 - 22 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران به بۆنەی کۆتایی هاتنی کۆنگرەی چوارەمی ئەم ڕێکخراوەیە لە ژێر دروشمی "ڕاسانی ژن زامنی دابینبوونی ماف و ئازادییەکانیەتی" ، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەم ڕاگەیەندراوە بەم چەشنەیە:

ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتی ژنان!

ژنانی مافویست و تێکۆشەری کوردستان و ئێران!

لە جیهانی ئەمڕۆدا، سەرەڕای ئەو هەموو پێشکەوتن و گەشە کۆمەڵایەتییەی کە مرۆڤی سەردەم بە خۆیەوە بينيویه هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی ئەو هەموو ناوەند و ڕێکخراوەی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ژنان بەتایبەتی، بەداخەوە هێشتا لە گەلێک وڵات و ناوچەی جیاجیای نیشتەجێبوونی مرۆڤ بە ئاشکرا و زۆر بەبێڕە‌‌حمانە  مافەکانی ژنان پێشێل دەکرێ و وەکوو کۆیلە یان شارۆمەندی پلە دووی کۆمەڵگا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕۆژانە لە میدیا ناوچەیی و جیهانییەکاندا دەبینین کە چلۆن لە پێکهاتەی جۆغرافیایی ئێراندا و لە ژێر زوڵم و ئیستیبدادی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، چەندە مافی نەتەوە و کەمایەتییە ئایینییەکانی  پێکهێنەری ئێران پێشێل دەکرێ،  دوو ئەوەندەش مافەکانی ژنان کە نیوەی کۆمەڵن، پێشێل دەکرێ و بەرەوڕووی توندوتیژیی جۆراوجۆر دەبنەوە و دەچەوسێندرێنەوە. ئەوەش لێکەوتەی ئیدئۆلۆژی و سیستەمی دواکەوتووانە و داخراوی ئەم ڕێژیمە سەدە ناوەڕاستییەیە  و نیشانی داوە  کە ژن خاوەنی کەمترین ماف و پێگە لە بوارەکانی سیاسی و یاسایی و ڕەگەزییەوە نیە و هەوڵدان بۆ گۆڕانکاری و کرانەوە لەو سیستمە داخراوەدا کارێکی ئەگەر نامومکین نەبێ  ئەستەمە، مەگەر ئەوەی کە ئەو ڕێژیمە نەگونجاوە بڕووخێندرێت؛ وەک هەموو ئەو دەسەڵاتە زۆردارانەی کە بە درێژایی مێژوو لەنێو براون و دەسەڵاتی دێموکراتیک و دابینکەری یەکسانی و دادپەروەریی سیاسی و کۆمەڵایەتی جێگای گرتوونەتەوە.

ژنانی خەباتکاری کوردستان !

خاڵی جێگەی سرنج و بایەخ ئەوەیە کە، لە ئێران  و بەتایبەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، سەرەڕای ئەو هەموو سەرکوت و خەفەقانەی کە بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپاوە، ژنانی ئازادیخواز و دێموکرات بە پێشەنگایەتیی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە یەکێک لە یادگارەکانی کۆماری بەشکۆی کوردستانە، بە پێی ئەو هەلومەرجەی کە تێیدابوون، چ لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی و چ لە سەردەمی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیدا لە خەبات نەوەستاون،  بەتایبەتی لە خەباتی نوێی ڕۆژهەڵات کە بە کۆدی "ڕاسان" واتە گرێدانی خەباتی شار و شاخ ناسراوە، هەم لە ڕێگەی ڕاگەیەنەکان و تێکنۆلۆژی سەردەم و هەم لە ڕێگەی بەشداری و حزووری فیزیکییەوە، توانیویانە هەم ژنانی کوردستان لە ئاست داکۆکیکردن لە مافەکانییان وشیار و ئاگادار بکەنەوە و هەم دەنگی ژنانی مافخوراو و چەوساوە و بێدەرەتانی کورد بە گوێی ناوەند و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و لایەنگرانی عەدالەت و دادپەروەریدا بگەیێنن.

هاونیشتمانیانی ئازادیخواز !

هەر لەو ڕاستایەدا و بۆ بەرەوپێشبردن و داڕشتنەوەی سەرلەنوێی مێتۆدەکانی خەبات لە پێناو مسۆگەرکردنی ئازادی و دادپەروەری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕەوتی بڕینی دیموکراسی نێوخۆی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئیراندا بڕیاری بەڕێوبردنی کۆنگرەی چواری خۆی دا. 

لەو پێوەندییەدا کۆنفرانسەکانی ئەندامانی  لەسەر ئاستی ڕێکخستنەکانی ئاشکرا و دەرەوەی وڵات و وەرگرتنی ڕا و بۆچوونی ئەندامانی خۆی لەنێوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات، کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاوی (٢٠١٩/١/١٠) چوارەمین کۆنگرەی یەکیەتیی ژنان دەستی بە کارەکانیی خۆی کرد و لە کاتژمێر ٨ی ئێوارەی ڕۆژی ٢١ی بەفرانبار(٢٠١٩/١/١١) کۆتایی بە کارو ئەرکەکانی بە پێی دەستووری کاری کۆنگرە هێنا.

کۆنگرەی چوارەمی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ژێر ناوی کۆنگرەی "یەکسانی دادپەروەرانە" و بە دروشمی " ڕاسانی ژن زامنی دابینبوونی ماف و ئازادییەکانیەتی"، بەڕێوەچوو.

لە دوو ڕۆژی کاریی  بەردەوامی کۆنگرەدا سەرەتا ڕاپۆرتی سیاسی- کۆمەڵایەتی و پاشان بەرنامە و ئەساسنامەی یەکیەتی ژنان پێشکەشی کۆنگرە کرا و دوای باس و ڕادەربرینی بەشداران، بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرە پەسند کران.

لە بڕگەی دیکەی کاری کۆنگرەدا، ڕاپۆرتی کار و چالاکیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێوان کۆنگرەکانی ٣ بۆ ٤ پێشکەشی ئەندامانی کۆنگرە کرا و دوای شیکردنەوە و باس و ڕادەربرینی بەشداربووانی کۆنگرە، بە زۆرینەی بەرچاوی دەنگ پەسند کرا.

کۆنگرە لە بڕگەی کۆتایی کاری خۆیدا و لە کەشوهەوایەکی دێموکراتیکدا، لە نێو کاندیداکانیدا  ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی نوێی خۆی هەڵبژارد کە پێکهاتبوو لە ٧ ئەندامی ئەسڵی و ٢ جێگر.

دوای تەواوبوونی فەرمی کاری کۆنگرە، کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی لە یەکەم کۆبوونەوەی خۆیدا، هاوڕێ "شنە دروودگەر"ی وەکوو سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی هەڵبژارد.

دۆستان و دڵسۆزانی یەکیەتیی ژنان!

لە کۆتاییدا هیواخوازین کە یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەگشتی بزووتنەوەی مافخوازانەی ژنان لە سەرانسەری جیهان، بتوانێت لە ڕاستای مسۆگەرکردنی یەکسانی و دادپەروەری و چەسپاندنی مافەکانی ژنان، بە ئامانج بگات و لەو پێوەندییەدا پێویستە سپاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ دابین کردنی شوێن و ئەمنیەتی کۆنگرە هەروەها هەموو ئەو کەس و لایەنانە بکەین کە لە ڕەوتی کارەکان و سەرخستنی کۆنگرەکەدا یارمەتیدەرمان بوون.

سەرکەوێ بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەی کورد
بەردەوام و سەرکەوتوو بێت یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کومیتەی بەڕیوەبەریی گشتی

٢١ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاوی
١١ی ژانویەی ٢٠١٩ی زایینی