میدیاکانی وڵاتی تورکیە ڕایانگەیاندووە کە ڕۆژنامەوانێکی پەنابەری ئێرانی بە ناوی "محەممەدباقر مورادی" ماوەی حەوتوویەکە کە بۆ کڕینی نان لە ماڵ چووەتە دەرەوە و هەتا ئیستا نەگەڕاوەتەوە و بێسەروشوێنە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕادیۆ فەرانسە پۆلیسی تورکیە ماشینی ناوبراویان لە شوێنێک دۆزیوەتەوە کە خاوەنەکەی لەگەڵ نەبووە.
ڕۆژنامەی "حورییەت" باسی لەوە کردووە کە بنەماڵەی ناوبراو بۆ بەدواداچوون لەهەمبەر بێسەروشوێنبوونی "محەممەدباقر" سکاڵایان ڕادەستی دادستانی ئەو وڵاتە کردووە و وتوویانە کە "محەممەدباقر" لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە ڕفێندراوە.
هەروەها "حوسێن مورادی" باوکی ناوبراو وتوویەتی، ماویەکی زۆر بوو محەممەدباقر لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیرانەوە لەژێر چاوەدێریدا بوو.
ڕۆژنامەی "دیلی سەباح" باسی لەوە کردووە کە "مورادی" ڕۆژنامەوانێکی دژبەری ڕێژیمی ئیران بووە و ماوەی نۆ ساڵە لە شاری ئانکارای وڵاتی تورکیە وەک پەنابەر ژیان دەکات.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەیان کەس لە دژبەرانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی تورکیە بێسەروشوێن کراون یان کوژراون.