کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووبەری گۆلی ورمێ ١٤ هەزار و ٢٣ کیلۆمیتری چوارگۆشە دابەزیوە

11:49 - 25 رەزبەر 2721

''مێهران نەزەری'' بەرپرسی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ، ڕۆژی شەممە ٢٤ی ڕەزبەر، باسی لەوە کردووە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٢ میلیارد میتری سێجا لە ئاوی گۆلی ورمێ کەمی کردووە و ئەمە مەترسیی تۆزی خوێی لەو ناوچەیە پەرە پێداوە.

''نەزەری'' قەیرانی ئاو و دابەزینی بەرچاوی ئاستی گۆلی ورمێی وەکوو گرینگترین قەیرانی ژینگەیی پارێزگای ورمێ ناو لێ بردووە و وتوویەتی: ''لە ئێستادا بەهۆی دابەزینی ئاوی گۆلی ورمێ دوورگەکانی ئەو گۆلە پێکەوە لکاون، ڕێگاکان بەهۆی باتڵاقیبوونیان کێشەی بۆ هاتوچۆی مەئموورانی پارکی میللیی گۆلی ورمێ هێناوەتە پێش و مەترسیی بۆ ئاژەڵەکانی ئەو دوورگانە دروست کردووە".

بە وتەی ناوبراو لە ئێستادا ئاستی بەرزایی گۆلی ورمێ بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو ٦١ سانتیمیتر دابەزیوە و ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی تۆفانی خوێ و کاریگەریی مرۆیی و ژینگەیی لێ دەکەوێتەوە.

گۆلی ورمێ بە ڕووبەری ٤٨٣ هەزار هێكتار، یەكێک لە گرینگترین و پڕبایەخترین ژینگە ئاوییەكانی جیهانە كە هەنووكە نزیکەی ١٤ هەزار و ٢٣ کیلۆمیتری چوارگۆشە لە ڕووبەرەکەی بووەتە خوێجاڕ.

چەندین ساڵە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وادە و دروشم دەدەن کە هەموو هەوڵەکان بۆ ژیانەوەی گۆلی ورمێ دەخەنە گەڕ و هەتا ئێستا دەیان پرۆژەیان پێشنیار کردووە کە هەندێکیان بە نیوەچڵی و ناسەرکەوتوویی ماوەتەوە و پرۆژەکانی دیکەش بە کردەیی نەکراون.