کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ڕووحانی" هەڕەشەی لە ئامریکا کرد

18:51 - 3 جۆزەردان 2720

"ڕووحانی" وتوویەتی، سەبارەت بە هەر کردەوەیەکی ئامریکا بەنیسبەت نەوتهەڵگرەکانی ئێرانەوە، ئێمەش دژکردەوەمان دەبێت.

''حەسەن ڕووحانی''، سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وتوویەتی، ئەگەر نەوتهەڵگرەکانی ئێمە لە ڕێگەی ''ڤێنێزۆئێلا'' لەلایەن ئامریکاوە کێشەیان بۆ ساز بکرێت، ئێرانیش دژکردەوەی توندی دەبێت.

''ڕووحانی'' لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ''شێخ تەمیم خەلیفە ئالی سانی''، ئەمیری قەتەر، ئەو هەڕەشەیەی بەرامبەر ئامریکا دووپات کردووەتەوە.

پێشتریش ''عەباس موسەوی''، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، بەنیسبەت کەشتییە نەوتهەڵگرەکان کە سووتەمەنی بۆ ڤێنێزۆئێلا ڕادەگوازن وتبووی، ئەوەی کە ئامریکا لەبارەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێمە باسی لێوە دەکات، نایاساییە و ئەگەر هەوڵێک ئەنجام بدات، ڕووبەڕووی کاردانەوەی ئێمە دەبێتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "نەوتهەڵگرەکانی ئێمە بەرەو ڤێنێزۆئێلا دەڕۆن و هیچ بەربەستێکی یاسایی بۆ بازرگانیکردن ڕەوا نییە''.

لەو پەیوەندییەدا، ''عەباس عەراقچی''، جێگری سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بە بانگهێشتی باڵوێزی سوئیس لە تاران کە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئامریکایە، داوای لێکردبوو کە هۆشدارییە جیددییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەنیسبەت هەرچەشنە هەڕشەیەکی ئامریکا دژی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران بە بەرپرسانی ئامریکا ڕابگەیەنێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسێکی باڵای ئامریکا ڕایگەیاندبوو، ویلایەتە یەکگرتووەکان خەریکی تاوتوێکردنی تەکبیرگەلێکەن کە بتوانن پێش بە ناردنی سووتەمەنی لەلایەن ئێرانەوە بۆ ڤێنێزۆئێلا بگرن.