کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووخانی بینایەکی ١٠ نەهۆمی لە ئابادان چەندین کوژراو و دەیان برینداری لێ کەوتەوە

17:41 - 2 جۆزەردان 2722

بەشێک لە بینای ١٠ نەهۆمیی "مێترۆپۆڵ" لە ئابادان لە پارێزگای ئەلئەحواز ڕووخا و بەپێی ڕاپۆرتەکان بەهۆی ئەو ڕووداوە هەتا ئێستا لانیکەم ٥ کەس کوژراون  و ٥٥ کەسیش بریندار بوونە؛ هەروەها مانگی سووری ئەلئەحواز ڕایگەیاندووە کە ٨٠ کەس لەو بینایەدا لەژێر داروپەردوودا گیریان کردووە.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، هێزی ڕووخانی ئەو بینایە بە ڕادەیەک بووە کە بیناکانی دەوروبەر بە توندی لەرزاونەتەوە.

وێنە بڵاوکراوەکان تۆز و خوڵێکی زۆر کە لە ڕووخانی ئەو بینایە هەستاوە، نیشان دەدات.

ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیشان دەدات کە ''حوسێن حەمیدپوور'' شارەداری ئابادان کە لە شوێنی ڕووداوەکەیە ڕووبەرووی ناڕەزایەتیی دەستەیەک لە خەڵک بووەتەوە؛ هەواڵدەریی ''دانشجو'' نووسیویەتی کە خەڵک لە شارەداریان داوە.

هەتا ئێستا هۆکاری ڕووخانی ئەو بینایە دیار نییە و لە زیانە گیانییەکانی ئەو ڕووداوە زانیارییەکی تەواو بڵاو نەبووەتەوە، بەڵام کوژرانی ٥ کەس پشتڕاست کراوەتەوە.