کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووداوی هاتووچۆ بووە هۆی گیانلەدەستدانی ئەندامێکی حیزب

12:38 - 14 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە گوندی تەنگیسەر، بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی بانەمەڕ، ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ناوی "ئەمیر ئەحمەدی"، خەڵکی گوندی تەنگیسەر، سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی شاری سنە، بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ناوبراو کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز و ئەندامێکی بەوەفای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، کە جێی باوەڕی خەڵکی ناوچەکە و یارمەتیدەری خەڵکی هەژار و بێدەرەتانیش بوو.

ئەو ئەندامەی حیزب، یەکێک لە یارمەتیدەرە سەرەکییەکانی بەڕێوبردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە تەنگیسەردا بووە.

هەروەها "ئەمیر ئەحمەدی"، برایەکی بە ناوی "کەماڵ ئەحمەدی"، شەهیدی سوورخەڵاتی کوردستانە.

تەرمی ناوبراو لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی تەنگیسەر و دەوروبەری بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.