کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووداوی هاتوچۆ لە پارێزگای ورمێ لە ماوەی ٧ مانگی ئەمساڵدا

20:28 - 11 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: لە ماوەی حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٤٠٤ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆوە لە پارێزگای ورمێ گیانی خۆیان لەدەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکان، لە ماوەی حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ڕووداوی هاتوچۆ بۆتە هۆکاری مەرگی ٤١%ی شۆفیڕەکان، ٢٤%ی ڕێبواران و ٣٥% سەرنشینی ئۆتۆمبیل یان ئەوانەی لە پشتەوەی کەرەستەکانی گواستنەوە سوار دەبن. لێکۆڵینەوە پەیوەندیدارەکان لە لایەن کارناسانی ئەو بوارەوە پیشانی دەدەن کە ٨٠%ی کوژراوانی دەرئەنجامی ڕووداوی هاتوچۆ پیاو و ٢٠%یش ژن بوونە و زیاترین ڕێژەی ڕووداوی هاتوچۆ لەم حەوت مانگەدا تایبەت بە مانگی خاکەلێوە بووە کە بە ڕێژەی ٣٨% خەمڵێندراوە.

لە کۆی گشتیی ڕووداوەکانی هاتوچۆ کە بۆتە هۆکاری مردنی خەڵک لە حەوت مانگی ڕابردوودا، ٥٨%ی لە جادە خۆڵەکان و جادەی گوندەکان و ١٢%یشی غەیرە ترافیکی بوونە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، لە حەوت مانگی ڕابردوودا لە پارێزگای کوردستانیش ٢٧٦ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە کە بە نیسبەت ساڵی ڕابردوو، ١٢.١% زیادی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە کۆی گشتیی کوژراوانی حەوت مانگی ڕابردوو، ٣٩ کەس لە نێو شارەکاندا و ٢١٢ کەس لە دەرەوەی شار و ٢٥ کەسیش لە ڕێگاوبانی گوندەکان تێداچوونە.