کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووداوی هاتوچۆ لە ڕێگای "مەهاباد - سەردەشت" چەند کەسی کردە قوربانی

12:15 - 17 جۆزەردان 2722

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی جۆزەردان، دوو ڕووداوی هاتووچۆ لە ڕێگای "مەهاباد - سەردەشت" ڕوویداوە کە زیانی ماڵی و گیانیی زۆری بەدواوە بووە.

لەو ڕووداوەدا کە لە نزیک سێڕێیای گوندی "ئافان" و لە ڕێگای "مەهاباد - سەردەشت" ڕوویداوە، سێ کەس کوژراون کە دوو کەسیان قوتابی بوون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەروەها بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، لە هەمان ڕۆژدا ٤ ڕووداوی هاتوچۆ لەو ڕێگایە ڕوویداوە.

ڕێگای "مەهاباد- سەردەشت" لە باشووری پارێزگای "ورمێ" بە ١٢٥ کیلۆمیتر درێژایی، بەهۆی تەسکی و پێچی زۆر یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێگاکانی ئەو پارێزگایە دێتە ئەژمار.

خەڵکی ئەو دوو شارە چەندین ساڵە ئەو ڕێگایە بە ڕێگای مەرگ ناو دەبەن و زۆر جار بە بەرپرسانی پەیوەندیداری ڕێژیمیان ڕاگەیاندووە کە بیرێک بۆ چاککردنی ئەو ڕێگایە بکەنەوە، بەڵام بە درێژایی ئەو ساڵانە پشتگوێیان خستووە.