کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووداوێکی نەخوازراو لە سنە دڵی ڕۆژهەڵاتی هەژاند

11:38 - 20 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی پێکدادانی ماشینێکی هەڵگری سووتەمەنی و ئوتووبووسێکی مسافیرهەڵگری سنە ــ تاران چەندین هاووڵاتیی کورد، گیانیان لە دەست دا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە ڕووداوێکی پێکدادانی تانکرێکی هەڵگری سووتەمەنی و ئوتووبووسێک لە نزیک گاراژی گەورەی سنە ــ تاران نزیک بە ١٥ کەس گیانیان لە دەست داوە.

لەم پێوەندییەدا، چەندین هەواڵ لەسەر ڕێژەی کوژراوەکانی ئەم ڕووداوە بڵاو بووەتەوە، بەڵام بەپێی ئەو هەواڵەی کە لە لایەن کارمەندانی ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی سنە بە دەستی سەرچاوەکانی ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، لەم ڕووداوەدا ١٤ کەس لە هەر دوو ماشێنەکە گیانیان لە دەست داوە.

هەتا ئێستە لەسەر برینداربوونی کەسانێک لەم ڕووداوەدا، هیچ زانیارێک لەبەر دەستدا نییە.

ئەم تانکرە کە هەڵگری سووتەمەنی لە جۆری نەوتی ڕەش بووە، ویستوویەتی لە شاری کەرکووکی باشووری کوردستانەوە، نەوت و سووتەمەنی بۆ شارە ناوەندییەکانی ئێران بگوازێتەوە.

شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن، کە لە شوێنی ڕووداوەکە، ماشینەکانی پولیسی دژە شۆڕش لە ماشینەکانی ئاگرکوژێنەوە زیاتر بوون.

ساڵانێکە کە تانکرەکانی هەڵگری سووتەمەنی، لە ڕێگەی ڕیگاوبانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سووتەمەنی وەکوو نەوتی ڕەش و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکە بۆ شارە ناوەندییەکانی ئێران دەگوازێنەوە، کە هەر جارەوە بە شێوەیەک کارەساتی دڵتەزێنی لەم چەشنە دەخولقێنن.

هەرچەندە چالاکانی مەدەنیی ڕۆژهەڵات لە هەمبەر ئەم کارە ناڕەوا و  دژەمرۆیی و ژینگەیییە، بەردەوام ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و لەم ڕاستایەدا چەندین کەمپەین ڕێک خراوە، بەڵام لایەنەکانی ئەم ساتوسەودا ڕەشە، لەبەر بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر، ناڕەزایەتیی چالاکانی مەدەنییان پشتگوێ خستووە.

لەم پێوەندییەدا، چەندین جار تانکرە هەڵگرەکانی سووتەمەنی کەوتوونەتە نێو بەنداوی قشڵاخی سنە و کارەساتی ژینگەیییان بار هێناوە، بەڵام ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕەوتی تاڵانکردن و قڕکردنی کورد و کوردستان هەروا بەردەوامە و نایەوێت ئەم کارەساتانە لە کوردستان کۆتایییان پێ بێت.