کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووداوێکی هاتوچۆ لە ڕێگای دیواندەرە- تاران، چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

14:08 - 18 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕ، بەهۆی پێکدادانی ئوتووبووسێک لەگەڵ دوو ماشین لە جۆری پێژۆ پارس لە ڕێگای دیواندەرە بۆ تاران لە نزیک کەرج، ٢ کەس گیانیان لەدەست دا و ٢٣ کەسیش بریندار بوون.

ئەم ٢ کەسە لە سەرنشینەکانی پێژۆ پارس بوون کە دەستبەجێ لەم ڕووداوەدا گیانیان لەدەست دا.

لەم ڕووداوەدا ماشینی لە جۆری پێژۆ تووشی ئاگرکەوتنەوە بوو و سەرنشینانی ئەم ماشینە بەهۆی ڕێژەی توندی سووتاوییەکەوە ناناسرێنەوە.

لەم ڕووداوەدا ١٨ پیاو، ٤ ژن و منداڵێک بریندار بوون کە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و دۆخی یەکێک لەو بریندارانە نالەبار ڕاگەیەندراوە.

لە ئێران ڕۆژ نییە هەواڵی گیانلەدەستدان بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە بڵاو نەبێتەوە، ڕووداوێک کە لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە ئاسایی بووەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا کارەساتێکە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەهۆی گرینگی پێنەدان زیاتر بواریان بۆ ئەم ڕووداوە ڕەخساندووە.