کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیه و ئیسرائیل دژی ڕێژیمی ئێران ڕێک کەوتن

11:42 - 9 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: "ولادیمیر پووتین" و " بنیامین نێتانیاهوو" دژی بوونی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا ڕێک کەوتوون، ئەوەش هەڵگەڕانەوەیەکی دیکەی ڕووسیەیە لە دۆستی نزیکی خۆی.

ڕۆژنامەی "تایمز ئاف"ـی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە ئیسرائیل و ڕووسیه بە نیسبەت بوونی هێزەکانی ئێران لە سووریەدا بە ڕێککەوتنێک گەیشتوون و بەپێی ئەو ڕێكکەوتنە، دەبێ هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنوورەکانی ئیسرائیل دوور بن.

ئەو ڕێککەوتنە دژی دزەکردنی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە ئەنجام دراوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتوووە، بەپێی ئەو ڕێكکەوتنە، ئیسڕائیل بە گەڕانەوەی هێزەکانی ڕێژێمی سووریە بۆ سەر سنووری بەرزایییەکانی گوڵان ڕازی دەبێت و لە بەرامبەر ئەوەشدا، ڕووسیە دەبێت زەمانەتی ئەوە بکات کە هیچ هێز و میلیشیایەکی سەر بە ڕێژیمی ئێران، وەکوو حیزبووڵڵای لوبنان لە ناوچەکەدا نەمێنن.

لەو ڕێککەوتنەدا داواش لە ڕووسیه کراوە کە هەموو هێزە بیانییەکان لە سووریە بڕۆنه دەرەوە.

مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردووش، دوای دانیشتنی سێ وڵاتی ڕووسیه، ئامریکا و ئوردۆن، وڵاتی ڕووسیه ئەرکدار کراوە کە هێزی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران له باشووری سووریە دەر بکات.

حەوتووی ڕابردووش، یەک ڕۆژ دوای ئەوەی کە "ولادێمیر پووتین" سەرکۆماری ڕووسیە داوای کرد هێزه بیانییەکان سووریه بەجێبێڵن، نوێنەری ناوبراویش دوای کردووە کە هێزە بیانییەکان لە سووریه بکشێنەوە.

هاوکات "ئەلکساندێر لاوڕۆنتیڤ"، کە نوێنەری تایبەتی پووتین بۆ کاروباری سووریەیە، جەختی کردەوە کە ئەو بڕیارە هێزەکانی ڕێژیمی ئیران و حیزبوڵڵاش لە خۆوە دەگرێت.

ناوبراو لە پرێسکۆنفڕانسێکدا باسی لەوە کردووە، کە ئەر بڕیارە هەموو هێزە بیانییەکان، وەک ئامریکا، تورکیە، حیزبوڵڵای لوبنان و ئێرانیش لە خۆوە دەگرێت.

لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی سووریەوە، کە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە لە نێوان ڕێژیمی ئەسەد و گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە سەری هەڵداوە، زیاتر لە ٣٠٠ و ٧٠ هەزار هاووڵاتیی سووریەیی کوژراون و زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئەو ڵاتە ئاوارە بوونه، ڕێژیمی ئێران بە هەموو توانایەکیەوە بەرگری لە ڕێژێمی بەشار ئەسەد دەکات و وێڕای دابینکردنی چەکوچۆڵ، شانبەشانی شەڕ دەکات.