کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە بڕیارنامە شورای ئەمنییەتی لەبارەی "ئۆکراین" ڤێتۆ کرد

11:46 - 7 رەشەمه 2721

ڕووسیە بڕیارنامەی شورای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە داوای لە مسکۆ کردبوو هێرش بۆ سەر ئۆکراین ڕابگرێت و هەموو هێزەکانی لەو وڵاتە بباتە دەرەوە، ڤێتۆ کرد.

ئەندامانی شورای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ٦ی ڕەشەمە، لە سێهەمین دانیشتنی نائاسایی ئەو ناوەندە کۆ ببونەوە هەتا بە بڕیارنامەیەک کە دەستدرێژیی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراینی مەحکووم کردووە، دەنگ بدەن، بەڵام ئەو بڕیارنامەیە لەلایەن ڕووسیە ڤێتۆ کرا و وڵاتی چینیش بێدەنگیی هەڵبژارد.

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و هیند لە دەنگی ئەرێنی بەو ڕەشنووسە خۆیان بوارد، بەڵام ١١ ئەندامی دیکەی شورای ئەمنییەت دەنگی ئەرێنییان دا.

ئامریکا و لایەنگرانی ئەو بڕیارنامەیە دەیانزانی کە ئەو بڕیارنامەیە پەسەند ناکرێت، بەڵام لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە ئەو بڕیارنامەیە گۆشگیریی ڕووسیەی بە دواوە دەبێت.