کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە بەنیسبەت مەترسیی ئەگەری ڕوودانی شەڕی ناوکی هۆشداریی دا

12:57 - 6 بانەمەڕ 2722

''سێرگەی لاورۆف'' وزیری دەرەوەی ڕووسیە، ڕۆژی دووشەممە ٥ی بانەمەڕ، هۆشداریی بە وڵاتانی ڕۆژاوا دا کە مەترسیی ئەگەری ڕوودانی شەڕی ناوکی لە ئۆکراین دەستکەم نەگرن و ئەوەشی وتووە کە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ڕێکخراوی ''ناتۆ'' لە ڕاستیدا بە پڕچەککردنی ئۆکراین دەرگیری شەڕێکی نیابەتی لەگەڵ ڕووسیە بووە.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیە لە وتووێژێکی تێلێڤیزیۆنیدا باسی لەوە کرد کە بنەمای هەر ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ئۆکراین پەیوەندییەکی زۆری بە دۆخی مەیدانی شەڕ هەیە.

ناوبراو سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی شەڕی ناوکی وتی کە ڕووسیە هەوڵێکی زۆر بۆ پێشگرتن لە ڕوودانی شەڕی ناوکی بە هەر نرخێک بەکار دەبات، ئەگەرچی لە ئێستادا مەترسیی وەها ڕووداوێک لە ئارادایە.

دوو مانگ لە هێرشی نیزامیی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین تێدەپەڕێت کە هەتا ئێستا هەزاران کوژراو و برینداری لێ کەوتووەتەوە و زیانێکی زۆری مادیی بەدواوە بووە، هەروەها زیاتر لە ٥ ملیۆن کەس ئاوارە بوونە.