کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە داواکارییەکی ڕێژیمی ئێرانی ڕەتکردەوە

12:18 - 11 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی وڵاتی ڕووسیە، داواکاریی ڕێژیمی ئێرانیان بۆ کڕینی پێکهاتەی بەرگریی مووشەکیی "ئێس ٤٠٠"ی ڕووسیە، ڕەت کردەوە.

ڕۆژی هەینی، ۱۰ی جۆزەردان، هەواڵدەریی "بلومبێرگـ"ی ئامریکا، بەپێی دوو سەرچاوەی بەرپرسانی فەرمی و باڵای ڕووسیە، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە کاربەدەستانی ڕووسیە و بەتایبەتی خودی "ڤێلادیمێر پووتین"، سەرکۆماری ئەو وڵاتە، داواکاریی ڕێژیمی ئێرانیان بۆ کڕینی پێکهاتەی بەرگریی مووشەکیی "ئێس ٤٠٠"ی ڕووسیەیان ڕەت کردووەتەوە و هۆکارەکەشیان بۆ ئاژاوەنانەوەی ڕێژیمی ئێران و پەرەپێدانی ئاڵۆزی لە ناوچەکە گەڕاندووەتەوە.

سەرچاوەکانی بلومبێرگ، لەم بارەوە بەو هەواڵدەرییەیان ڕاگەیاندووە: "ئەو داواکارییە، جیا لەوەی کە لە لایەن حکوومەتی ڕووسیەوە بە هیچ شێوەیەک پەسەند نەکراوە، لە لایەن خۆدی ڤێلادیمێر پووتین، سەرکۆماری ئەو وڵاتەشەوە ڕەت کراوەتەوە."

شایانی باسە کە لە ساڵی ۱۳۸۷ی هەتاویدا، بڕیارنامەیەک لە نێوان بەرپرسانی ئەو کاتەی وڵاتی ڕووسیە و ڕێژیمی ئیران بۆ ڕادەستکردنی پێکهاتەی بەرگریی مووشەکیی "ئێس ٣٠٠" بە ڕێژیمی ئێران لە لایەن ڕووسیەوە واژۆ کرا، بەڵام پاش ڕێککەوتننامەی ناوکیی ڕێژیم لەگەڵ وڵاتانی ١+٥، لە ساڵی ۱۳۹۵ی هەتاوی، ڕووسیە ئەو پێکهاتە بەرگرییە مووشەکییەی ڕادەستی ڕێژیمی ئێران کرد.

سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران و حکوومەتی ڕووسیە دۆستایەتییەکی نزیکیان هەیە، ئەمە چەندەمین جارە کە وڵاتی ڕووسیە داواکارییەکانی ڕێژیمی ئێرانی ڕەت کردووەتەوە، تەنانەت هەواڵدەریی ڕادیۆ دەنگی ئیسرائیل، پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئەگەری شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ڕووسیە و میلیشیا تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا، زۆر نزیکە.

جێگای ئاماژەیە کە پێشتریش چەندین جار وڵاتی تورکیە داوای کڕینی پێکهاتەی بەرگریی مووشەکیی "ئێس ٤٠٠"ی لە کاربەدەستان و بەرپرسانی وڵاتی ڕووسیە کردووە، بەڵام بەرپرسانی وڵاتی ڕووسیە داواکارییەکانی وڵاتی تورکیەشیان ڕەت کردووەتەوە.