کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە داوای لە هێزەکانی ئۆکراین کردووە کە خۆیان تەسلیم بکەن هەتا گیانیان لە ئەماندا بێت

13:02 - 28 خاکەلێوه 2722

شەڕ لە ئۆکراین لە حاڵێکدا ٥٣هەمین ڕۆژی خۆی تێدەپەڕێنێت کە هێزەکانی ڕووسیە لە هەوڵدان شاری ''ماریوپۆل'' دوای چەندین حەوتوو گەمارۆدان، بخەنە ژێر کۆنتۆڵی خۆیانەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکان، لە کاتژمێر ٦ی بەیانی بە کاتی مۆسکۆ و هەتا چەند کاتژمێر دواتریش، هێزەکانی ڕووسیە ئیزن بە سەربازانی ئۆکراینی دەدەن خۆیان ڕادەست بکەن.

''زلێنێسکی'' سەرکۆماری ئۆکراین، ڕۆژی شەممە ٢٧ی خاکەلێوە، لە پەیامێکدا سەبارەت بە دۆخی مرۆیی هۆشداریی داوە کە دۆخی ماریوپۆل زۆر نالەبارە و وتوویەتی کە ڕووسیە بەئەنقەست دەیهەوێت لەو شارە هەموو کەس لەنێو ببات.

شاری ماریوپۆل بە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ڕووسیە دێتە ئەژمار؛ داگیرکردنی ئەو شارە ستراتیژیکە پەیوەندیی ئۆکراین لەگەڵ دەریای ڕەش دەپچڕێنێت.

''ئیرینا ورشچۆک'' جێگری سەرۆکوەزیرانی ئۆکراین، ڕۆژی شەممە لە لێداونێکی تێلێڤیزیۆنیدا باسی لەوە کرد کە لە ئێستادا ٧٠٠ سەرباز و زیاتر لە هەزار کەسی غەیرە نیزامی کە نیوەیان ژنن لەلایەن ڕووسیەوە بە دیل گیراون.

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ژمارەی ئاوارەکانی ئەو شەڕەی نزیک ٥ ملیۆن کەس ڕاگەیاندووە، هەروەها هەزاران کەسیش بەهۆی ئەو شەڕەوە گیانی خۆیان لەدەست داوە.

هاوکات یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆی نوێی دژی ڕووسیە ئامادە کردووە و وڵاتانی ڕۆژاوایی یارمەتییە چەکوچۆڵییەکانی خۆیان بۆ ئۆکراین زیاتر کردووە.