کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە سەبارەت بە هەناردەکردنی دڕۆن لەلایەن تورکیەوە بۆ ئۆکراین هۆشداریی بە ئانکارا دا

11:32 - 13 سەرماوەز 2721

"دیمتری پسکۆف" وتەبێژی کۆشکی "کرملینـ"ـی ڕووسیە سەبارەت بە هەناردەکردنی دڕۆن لەلایەن تورکیەوە بە ئۆکراین، هۆشداریی بە ئانکارا دا و وتی، ئەو کارەی وڵاتی تورکیە دەتوانێت لێکەوتەیەکی خراپی بەدواوە بێت.

"پسکۆف" وتی: "لە ئێستادا پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ وڵاتی تورکیە هەیە، بەڵام پێدانی کەرەستەی نیزامی بە وڵاتی ئۆکراین سەرەڕای ئەوەیکە دەتوانێت ببێتە هۆی ناسەقامگیریی ناوچە، بەڵکوو هیچ هاوکارییەکیش بە چارەسەرکردنی نائارامییەکانی نێوخۆی ئەو وڵاتە ناکات".

پێشتر وتەبێژی کۆشکی "کرملین" وتبووی: "ئێمە بە هیچ شێوەیەک ڕازی نین ئەو چەکوچۆڵەی کە تورکیە بە ئۆکراینی فرۆشتووە دژی دژبەرانی دەوڵەتی کی یێف لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین کەڵکیان لێ وەربگیردرێت".

ماوەیەک لەمەوپێش ئەرتشی ئۆکراین بۆ تاقیکاریی ناوچەی "دونباس" کە شەڕی نێوخۆیی دژی دەسەڵاتی "کی یێفـ"ـی تێدایە لە دڕۆنی "بیرقدار تی. بی‌ـ ٢" کەڵکی وەرگرتبوو.