کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە هاوردەکردنی بەشێک لە بەروبومی کشتوکاڵیی ئیرانی قەدەغە کرد

11:36 - 22 سەرماوەز 2721

"ڕەزا نوورانی" سەرۆکی یەکیەتیی بەروبومی کشتوکاڵیی ئیران وتی: "دەوڵەتی ڕووسیە هاوردەکردنی بەشێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئیرانی بۆ وڵاتەکەی قەدەغە کردووە".

"نوورانی" بە هەواڵدەریی "فارسـ"ـی سەر بە ڕێژیمی وتووە: "دیار نییە کە ئەو قەدەغەبوونە تەنیا بیبەر دەگرێتەوە یان بەرهەمی دیکەش".

ناوبراو هۆکاری ئەو قەدەغەبوونەی بۆ "پێشێلکردنی بەردەوامی ستانداردە تەندروستییەکان" گەڕاندەوە و وتی: "گەڕانەوەی ئەو بەرهەمە بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەی ڕێژەی بوونی ماددەی کیمیایی کشتوکاڵی لەنێو بەرهەمەکاندا بووە".

نرخی باری گەڕێندراو ڕانەگەیەندراوە، بەڵام رێژیمی ئێران بەپێی ئامارەکانی گومرۆکی ساڵی ڕابردوو بڕی ٢٢ ملیۆن دۆلار "بیبەری" بۆ وڵاتی ڕووسیە هەناردە کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "مەشرق نیوز"ی ئێران، ئەو هەوڵەی ڕووسیە بووەتە هۆی ئەوەی سەدان وەرزێڕی ئێرانی لەو بوارەدا مایەپووچ ببن. هەروەها ئەوەشی زیادی کردووە کە بازرگانانی ئیسرائیلی لە پشت ئەو هەوڵەی ڕووسیەوەن.

هەروەها سەرۆکی یەکیەتیی بەروبومی کشتوکاڵیی ئیران وتوویەتی: "ئەگەر بڕیار بێت ڕووسیە وەردبینیی لەسەر بەرهەمە هەناردەکراوەکانی ئێران بکات و بەو نیسبەتەوە گومانی هەبێت، ئێرانیش لە پەیوەندی لەگەڵ گەنم و جۆی هاوردەکراوی ئەو وڵاتە دەبێ هەوڵی هاوشێوە ئەنجام بدات.

پێشتریش "هیند" هەر بەو هۆکارە بەرهەمی هەناردەکراوی "کیوی" لەلایەن ئێرانەوەی بۆ وڵاتەکەی قەدەغە کرد.