کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە هەڕەشە لە وڵاتانی ئورووپایی دەکات

11:14 - 2 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕووسیە لە ئاخافتنی ساڵانەی خۆیدا، هەڕەشەی لە وڵاتانی ئورووپایی کردووە و ڕایگەیاندووە: کە ئەگەر ئامریکا، مووشەکەکانی خۆی لە ئورووپادا جێگیر بکات، پێتەختی وڵاتە ئورووپایییەکان دەبنه ئامانجی مووشەکە ڕووسییەکان.

وێلادێمیر پووتین، سەرکۆماری ڕووسیه، لە ئاخافتنی ساڵانەی خۆیدا، سەبارەت به دۆخی وڵات، هەڕەشەی کرد کە لە ئەگەری جێگیربوونی مووشەکە ناوکییەکانی ئامریکا لە ئوورووپادا، ئەم وڵاتەش لە بەرانبەردا پێتەختی وڵاتە ئورووپایییەکان دەکاتە ئامانجی مووشەکەکانی خۆی.

 ناتۆ ئەم هەڕەشانەی پووتینی مەحکووم کردووە و ڕایگەیاندووە: هەڕەشەکانی ڕووسیه قەبووڵ ناکرێن.

پووتین هەروەها لەم ئاخافتنەدا، بە ڕاشکاوی ئاماژەی به پێڕستێک لەو چەکوچۆڵانەی کردووە، کە بۆ بەرگری لە بەرانبەر ئامریکادا کەڵکیان لێ وەر دەگیردرێت.

ناتۆ ڕایگەیاندووە: ناتۆ پەیمانێکی بەرگریکارانەیە و پارێزگاری لە ئەندامانی خۆی لە بەرانبەر هەر چەشنە هەڕەشەیەکدا دەکات.

ناتۆ هەروەها داوای لە ڕووسیه کردووە، که پەیمانی قەدەغەبوونی تاقیکاریی مووشەکە ناوکییەکانی INF لە بەرچاو بگرێت.