کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە و چین بەهۆی "ئێف ئێی تی ئێفـ"ـەوە هەوڵێکیان دژی ڕێژیمی ئێران دەست پێ کردووە

13:15 - 2 رەزبەر 2720

بەرپرسێکی ژووری بازرگانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، "بانکە ڕووسییەکان لە ئاڵوگۆڕی کارە بانکییەکان لەگەڵ بازرگانەکانی ئێران بەهۆی"ئێف ئێی تی ئێفـ"ـەوە خۆیان دەبوێرن و کارەکانیان بەڕێ ناکەن".

ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەزبەر، "پێدرام سوڵتانی" ئەندامی شورای گشتیی فیدراسیۆنی جیهانی ژووری بازرگانیی ڕێژیم  وتوویەتی: "ئەو هەوڵەی بانکەکانی ڕووسیەی بۆ بوونی ناوی ئێران لە نێو لیستی ڕەشی سپیکردنەوەی پارە "ئێف ئای تی ئێف" گەڕاندووەتەوە".

هەروەها "مەجید ڕەزا" سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئێران و چین لە مانگی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو: "ئاڵوگۆڕی بانکیی بازرگانیی ئێران لە ڕێگەی بانکەکانی وڵاتی چینەوە ڕاگیراوە".

ناوبراو هۆکاری ئەو کارەی ڕووسیە و چینی بۆ گەمارۆ بانکییەکانی ئامریکا و قبووڵ نەکردنی یاسای نێودەوڵەتیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سپیکردنەوەی پارە لەلایەن ئێرانەوە، گەڕاندووەتەوە.

وڵاتی چین لە ئێستادا گەورەترین هاوپشکی بازرگانیی ئێران دێتە ئەژمار و بەپێی ڕاپۆرتی گومرکی ئێران؛ چین لەماوەی ٥ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٣.٥ ملیارد دۆلار کەلوپەلی هەناردەی ئێران کردووە و ئەو هەوڵە تازەیەی لەگەڵ ڕووسیە دژی ڕێژیمی ئێران ئابوورییە داڕماوەکەی ڕێژیم زیاتر تێکدەڕووخێنێت.