کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ڕووسیە" و "چین" لەبابەت ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران مەرجیان دانا

11:58 - 16 رەشەمه 2721

"سێرگئی لاورۆف" وەزیری دەرەوەی ڕووسیە ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی لەبابەت ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران داوای زەمانەتی بە نووسراوەی ئامریکا لەهەمبەر هاوکارییە بازرگانی، فەننی و نیزامییەکانی نێوان ریژیمی ئێران و ڕووسیە دەکات.

هەروەها "چینیـ"یش لە ڕێگای دوو دیپلۆماتی خۆیەوە کە ڕاستەوخۆ لە دانیشتنەکانی "ڤییەنـ"ـدا بەشدارن ڕایگەیاندبوو کە چین وەکوو ڕووسیە زەمانەتی لە ئامریکا دەوێت کە لە ئەگەری هاوکاریی چین لەگەڵ ڕێژیمی ئێران نابێت شیرکەتەکانی ئەو وڵاتە لەلایەن ئامریکاوە گەمارۆیان بخرێتە سەر.

لێدوانی بەرپرسانی "چینـ"ـی بەدوای ئەوەدا هات کە چەند کاتژمێر پێشتر وەزیری دەرەوەی ڕووسیە ئەو داوایەی لە ئامریکا کردبوو.

زۆربەی ڕاگەیەندنەکانی دەرەوە مەرجەکانی "لاورۆفـ"یان بۆ ڕێککەوتنی "بەرجام" بە "هاویشتنی نارنجۆک" وەسف کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا بەرپرسێکی ڕێژیمی ئێران ئەو هەنگاوەی ڕووسیەی بە "نەگونجاو" زانی.

لێدوانەکانی "لاورۆف" لە حاڵێکدان کە ڕووسیە بەهۆی هێرش و داگیرکاری بۆ سەر ئۆکراین لە باری نێودەوڵەتییەوە کەوتووەتە پەراوێزەوە و وڵاتەکانی ئورووپایی هەڕەشەی گەمارۆی بانکی، وەبەرهێنانی پێشکەوتوو، نەوت و گازیان لە ڕووسیە کردووە.