کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە پشتیوانی لە بەرنامە مووشەکییەکەی ڕێژیمی ئێران دەکات

11:36 - 24 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: سەرەڕای ڕەخنەکانی ئامریکا و ئورووپا له بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران، ڕووسیه لەسەر ئەو باوەڕەیە، کە لەمپەرێک بۆ ئەم چالاکییانه بوونی نییە و بەرنامه‌ی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران هیچ یاسایەکی نێونەتەوەیی پێشێل نەکردووە.

وێلادێمیر ئیێرماکۆف، بەرپرسی بەشی کۆنتڕۆڵی چەکوچۆڵی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیە وتوویەتی: ئەم وڵاتە فەناوەری مووشەکی بۆ ڕێژیمی ئێران نانێرێت، بەڵام ئێران مافی ئەوەی هەیە بەرنامەی خۆی بۆ بەرهەمهێنان و تاقیکردنەوەی مووشەک هەبێت.

ئەم دیپلۆماتە ڕووسیە، بە ئاماژه به ڕەخنەکانی ئامریکا و وڵاتانی ئورووپایی لە تاقیکارییە مووشەکییەکانی ئێران لەم دواییانەدا، هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران لەم پێناوەی بە کردەوەیەک بۆ وەدیهاتنی هاوسەنگی لە ناوچەکە ناو بردووە و ڕایگەیاندووە: کە دراوسێیەکانی ڕێژیمی ئێران مووشەکی بالێستیکی باشتریان هەیە.

ئەم بەرپرسەی ڕووسیە هەروەها وتوویەتی: بەپێی ئەوەی کە گەمارۆوەکانی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پاش بەرجام لە ساڵی ٢٠١٥دا هەڵوەشانەوە، ئێستاکە ئێران بۆ هاویشتنی مووشەکی بالستیک ڕێگرییەکی نییە.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە ئامریکا و هەندێک لە وڵاتانی ئورووپایش هەوڵەکانی ئێران بۆ هاویشتنی ماهواره به توندی مەحکووم دەکەن. کۆشکی سپی دەڵێت، تاقیکردنەوەی مووشەکە بالێستیکییەکان پێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانه.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران باس لەوە دەکات، کە ئامانجی دەستپێڕاگەیشتن به چەکی ناوکی نییە؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەحمەد خاتەمی، ئەندامی مەجلیسی خوبرگان، باسی لەوە کردووە، که فرمووڵی دروستکردنی بۆمبی ناوکیان هەیە، بەڵام ئامانجیان دروستکردنی ئەم جۆرە بۆمبە نییە.