کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە گوشاری خستووەتە سەر ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوەی هێزەکانی لە سووریە بکشێنێتەوە

11:15 - 25 رەزبەر 2721

ڕۆژنامەی ئیسرائیلی چەپی "هائارتس" بڵاوی کردووەتەوە، "ئاموس هارال" شرۆڤەکاری بابەتی نیزامی و ئەمنییەتی ئیدعای کردووە کە ڕێژیمی ئێران پێشتر بەهۆی گوشاری ڕووسیە، حکوومەتی "بەشار ئەسەد" و هۆکاری دیکە، هێزەکانی خۆی لە سووریە کەم کردوونەتەوە بە شێوەیەک کە لە ٢٠ هەزار کەس بە ١٠ هەزار کەس گەیشتووە.

ئەو ڕۆژنامەیە نووسیویەتی: "هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینی هەتا ئێستا گوشاریان خستووەتە سەر ملیشیاکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە".

هەروەها ئیدیعا کراوە، کەمبوونەوەی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هۆکارێکی گرینگتری هەیە، ئەویش گوشاری وڵاتی ڕووسیەیە.

بەپێی سەرچاوەکان لەگەڵ هێرشەکانی ڕووسیە، حکوومەتی "ئەسەد" کۆنترۆڵی بارودۆخەکەی گرتووەتە دەست، هەروەها ئەو سەرچاوانە ئیدیعا دەکەن کە ڕێژیمی ئێران تووشی کێشەگەلێک لە بواری دابینکردنی ماڵی بۆ پرۆژەکانی لە سووریە بووە.

هاوکات لەگەڵ ئەو بابەتە هەوڵەکان بۆ باشتربوونی پەیوەندیی نێوان حکوومەتی "ئەسەد" لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان بە تایبەت "ئۆردۆن" بۆ یارمەتیی ئابووریی وڵاتەکەی لە ئارادایە.