کوردستان میدیا: فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتی بڵاو کردەوە.
دەقی ئەم ڕوونکردنەوەیە بەم چەشنەیە:
ڕوونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی
ماوەیەکە لە هەندێک ماڵپەر و پەیج لە تۆرەکۆمەڵایەتیەکان باس لەوە دەکرێ کە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکان، بە تایبەتی لە ناوچەی سمێڵان، زەرەر و زیان بە ژینگەی ناوچەکە دەگەیەنن.
ئەوەندەی پەیوەندی بە ئێمە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە هەبێ، سەرلەبەری ئەو جۆرە هەواڵانە بە بێ بنەما و بەدوور لە هەر پرەنسیپێکی رۆژنامەوانی دەزانین و لەسۆنگەی هەست بە بەرپرسیارەتیمان بەرامبەر بە خەڵک و خاکی ئەو ناوچانەی کە هێزی پێشمەرگەی ئێمەی لێ نیشتەجێیە و بە شایەتی دانیشتوان و شایەتحاڵانی دەڤەرەکە زیاتر لە هەرکەس و لایەنێک، پاراستنی ژینگە و رێزگرتن لەو هاونیشتمانیانە بە ئەرکی سەرەکی خۆمان دەزانین.
لەو پێوەندییەدا داواکارین لە هەر رۆژنامەنوس و لایەنێک پێش بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەی لەو چەشنە بەدواداچوونی ورد و دەقیق لەو بارەوە بکا و زانیاری دروست بە خوێنەران و بیسەرانی بگەیەنێ.
فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
۱۰ی رێبەندانی ۱۳۹۷ی هەتاوی