کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی بەشداری نەکردن لە یەکەم کۆڕبەندی لاوان

12:38 - 7 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی بەشداری نەکردن لە یەکەم کۆڕبەندی لاواندا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

لاوانی هەر چوار پارچەی کوردستان

ئەندامانی یەکیەتیی لاوان

ئێمە وەک یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە درێژایی مێژووی تێکۆشانی خۆمان هەوڵمان بۆ دروستکردنی پێوەندی دۆستانە لەگەڵ سەرجەم ڕێکخراو و چالاکوانانی پشتیوان لە لاوان داوە و هەنگاوی بوێرانەمان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی لاوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پشتیوانی کردن لە لاوانی مافخوازی پارچەکانی دیکەی کوردستان و جیهان ناوە.

ڕێکخراوەکەمان بۆ بەرەوە پێشبردنی ئەم بوارە لە دوای گرتنی کۆنگرەی ٩، بۆ دووبارە بەهێزکردنەوەی پێوەندی و بەڕێوەبردنی چالاکی هاوبەش و لەگەڵ ڕێکخراوەکانی لاوان، دەستپێشخەرانە سەردانی زۆربەی ڕێکخراوەکانی کردووە و ئامادەیی بۆ ئەنجامدانی کاری هاوبەش لەگەڵ ئەم رێکخراوانە دەربڕیوە.

یەکێک لەو ڕێکخراوانە کە سەردانمان کردووە و ئامادەیی خۆمان بۆ بەڕێوەبردنی کارو چالاکی هاوبەش لەگەڵیان دەربڕیوە، ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە. لە کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە، کە بە دەستپێشخەری ئێمە ئەنجام درابوو، ئەم هەڵوێستەی ڕێکخراویان لەگەڵ باسکرا.

ئەوەیکە جێگای ئاماژەیە و دەبێ سەرنجی بخرێتە سەری بنەما و پرەنسیپەکانی کاری هاوبەش و کاری رێکخراوەییە، کە ڕێکخراوەکەمان پاراستنی ئەم بنەما و پرەنسیپانە بە پێویستییەکی گرینگ بۆ کاری هاوبەش دەزانێت.

بانگهێشتنامەیەکی فەرمیمان، لە ڕێکەوتی ١٢\٣\٢٠١٩ بەدەست گەیشت، لە بارەی بەڕێوەبردنی کۆڕبەندی لاوانی کوردستان، کە لەلایەن یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە رێکخرابوو.

لە ناوەرۆکی ئەم بانگهێشتنامەیە، ئاماژە بەوەدرابوو، کە دوا مۆڵەت بۆ دیاریکردنی باس و ناساندنی شاندی بەشدار لە کۆڕبەند ڕێکەوتی ١٠\٣\٢٠١٩ دیاریکرابوو، واتا دوو ڕۆژ پێش ناردنی بانگهێشتنامەکە بۆ ئێمە، لە کاتێکدا کە ڕێکخراوەکانی دیکە پێشوەخت بە شێوەیەکی نافەرمی ئاگادار کرابوونەوە.

هۆکاری سەرەکی بەشداری نەکردنمان لەم کۆڕبەندەدا نەپاراستنی بنەما و پرەنسیپەکان بووە کە لە نامەیەکی نووسراو و بەردەستدا ئەم خاڵەمان بۆ لایەنی ڕێکخەری کۆڕبەند باسکردووە، هەروەها ئەوە ڕەتدەکەینەوە کە ئێمە نامەیەکمان ناردبێ و باس لەوەکرابێ کە ئێمە لە ماوەی سێ ڕۆژدا بابەتمان  ئامادە نابێ و ئەم شێوە بانگهێشتکردنە لەژێر ناوی هەر جۆرە پاساوێک وەک هۆکاری ئەمنی و تایبەت بەبێ پرەنسیپی و نەپاراستنی بنەماکانی کاری هاوبەش دەزانین.

دەستەی هەیئەتی ئیجرایی

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦ی خاکەلێوەی ۲۷۱۹ی کوردی

بەرامبەر بە ۱۳۹٨ی هەتاوی