کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم دەیهەوێت بەزۆر لە دەوڵەمەند و سەرمایەداران "زەکات" وەربگرێت

13:46 - 2 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی ڕێژیمی ئیسلامی و وەزارەتی ئیتلاعات، دەیانهەوێت بەزۆر زەکات لە دەوڵەمەندان و سەرمایەداران وەربگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سپای تیرۆریستی پاسداران بە هاوکاریی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم، کۆبوونەوەیەکی نهێنیی بۆ دووسەد کەس لە سەرمایەدارانی شاری ورمێ بەڕێوە برد و تێیدا بە سەرمایەداران ڕاگەیەندراوە کە دەبێ جگە لە ماڵیاتی ساڵانە، بەشی زەکاتی ساڵانەی خۆشیان ڕادەستی یەکێک لەو دوو ڕێکخراوەی ڕێژیم بکەن.

هەواڵنێری کوردستان میدیا بە پشتبەستن بە یەکێک لە بەشدارانی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند کە لەم کۆبوونەوەیەدا سەرمایەداران وتوویانە ئەوان بەشی زەکاتی خۆیان بە هەژاران داوە و بەڵگەی پێویستیشیان لەم بارەیەوە هەیە. بەڵام سەڕەرای ئەمەش پێیان وتراوە کە ئەوان دەبێ زەکاتەکە بگەیەننە دەستی ڕێژیم، چونکە بەهۆی سزاکانی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە، گوشارێکی زۆر لەسەر ڕێژیم هەیە و تەنانەت لە هەندێک ناوچە ناتوانێت مووچەی دەستوپەیوەندیەکانی خۆی بدات.

لەو کۆبوونەوەیەدا، هەروەها بە سەرمایەداران ڕاگەیەندراوە کە دەبێ لە ماوەی مانگێکدا، لیستی داراییەکانیان لە لایەن ئیدارەی ماڵیاتەوە پشتڕاست بکەنەوە و دواتر لیستەکان ڕادەستی سپای پاسداران بکەن تا بەشی زەکاتی ساڵانەیان بۆ دەستنیشان بکرێت.