کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆحانی سەفەر بۆ سنە و کرماشانی هەڵوەشاندەوە

12:39 - 3 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، هەر دوو سەفەرەکەی خۆی بۆ پارێزگاکانی کرماشان و سنە هەڵوەشاندەوە، کە بڕیار بوو ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم حەوتوویە ئەنجام بدرێت.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاند، کە بڕیارە حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم حەوتوویەدا، سەفەر بۆ پارێزگاکانی سنە و کرماشان بکات.

ئەمڕۆ، سێشەممە، ٣ی بانەمەڕ، هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، لە هەواڵگەلێکی جیاوازدا باسیان لەوە کرد، کە ڕۆحانی سەفەرەکانی خۆی بۆ ئەم دوو پارێزگایەی هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام هیچکامیان باسیان لە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەکە نەکردووە.

دواتر بەهمەن مورادنیا، پارێزگاری سنە، لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند: کە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم سەفەرانەی ڕۆحانی بۆ نزمبوونەوەی ٤ تا ٨ دەرەجەیی ئاستی دەما دەگەڕێتەوە و وتوویەتی: بە مەبەستی لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئەو خەڵکەی کە دێن بۆ پێشوازیی سەرکۆمار، ئەم سەفەرە هەڵوەشاوەتەوە.

هەروەها ڕایانگەیاندووە، کە ئەگەری هەیە ئەم سەفەرە پاش مانگی ڕەمەزان ئەنجام بدرێت.

هەڵوەشانەوەی سەفەری ڕۆحانی بۆ سنە و کرماشان بۆ سەرما گەڕێندراوەتەوە، بەڵام چاودێرانی سیاسی لەسەر ئەو باوەڕن کە ڕۆحانی بە هۆی کێشەی نێوخۆیی و ترس لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ئەو سەفەرەی پەک خستووە.