کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆحانی: قاچاخ هۆکاری هەرزانییه

12:18 - 29 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: "حەسەن ڕۆحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە نوێترین لێدوانی خۆیدا هۆکاری قاچاغی کەلوپەلی ئاشکرا کرد.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە بارەی دۆخی ئابووری، لێدوانی جیاواز دەدەن و دۆخی داڕماویی ئابووری دەخەنە ئەستۆی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و گەندەڵکارانی ئابوورییەوە.

ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا باسی لەوە کردووە، هۆکاری قاچاخی کەلوپەل لە ئێراندا بۆ هەرزانی دەگەڕێتەوە.

ماوەیەک پێش غوڵامعەلی جەعفەرزادە، ئەندامی باڵای کۆمسیۆنی بەرنامە و بوودجەی لە مەجلیسی ڕێژیمدا، وێڕای ڕەخنەگرتن لە ناتواناییی بەرپرسان لە بەڕێوەبردنی ئابووریی ئێران و چارەسەریی کێشەکان وتبووی: "هێز و توانای هاووڵاتییانی ئێران بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان بۆ زیاتر لە ٤٨٪ دابەزیوە و  ئەوەش کارەساتە".

ناوبراو باسی لەوەش کردبوو، بە هۆی دابەزینی نرخی دراو، بازاڕی کار لە ئێراندا دادەخرێت.

عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی کەمکردنەوەی گوشارە ئابوورییەکان، بڕیاری دا کەلوپەل هاوردە نەکرێت، هەتا بەرهەمی نێوخۆی پەرە بگرێت و پێش به گوشاری گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بگیردرێت.

 بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران هاوردن و بازرگانیکردن بە شتومەکی قاچاخ لە ڕێگای نایاسایییەوە بۆ ئەو وڵاتە رووی لە زیادبوون کردووە و ئەوەش دەستی خودی بەرپرسانی تێدایە.

یه‌کێک له‌ بابه‌ته‌ هه‌ره‌ گرینگه‌کانی ئابووری له‌ ئێراندا پرسی قاچاخی کاڵایه‌.

پرسی قاچاغ ‌و په‌لهاویشتنی ئه‌و دیارده‌یه‌ بۆ هه‌ناوی ئابووریی ئێران، گه‌یشتووه‌ته‌ جێگایه‌ک که‌ ئیسحاق جەناهگیری، جێگری یەکەمی سەرکۆمار ڕایگەیاندووە: هیچ دەزگا و دامەزراوەیەکی دەوڵەتی ناتوانێت بە گژ پرسی قاچاخ لە ئێرا‌ندا بچێتەوە.

ئاماره‌ فەرمییەکان باس لەوە دەکەن، بایه‌خی قاچاخی که‌لوپه‌لی نێوماڵ له‌ ئێران له‌ ساڵدا، له‌ ٢٠ میلیارد دۆلار زیاتره‌ و قاچاخی ده‌رمان، ماشینی لووکس ‌و سووته‌مه‌نیش خۆی له‌ ١٦ میلیارد دۆلار ده‌دات.