کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆحانی لە ساڵڕۆژی شۆڕشی گەلانی ئێراندا، لێدوانێکی چەواشەکارانەی دا

23:52 - 23 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە ئاخافتنی تایبەت به ڕێوڕەسمی ساڵیادی شۆڕشی گەلانی ئێران، لە چەواشەکارییەکی تەواودا باسی لە هەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی میدیا و ئازادیی حیزبەکان کرد.

حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لەم لێدوانەدا باسی لەوە کردووە کە دەسکەوتی شۆڕش، کۆماری بوون بوو و ڕایگەیاند: "هەموو بەرپرسانی نیزام لە ڕێبەرەوە هەتا سەرکۆمار، نوێنەرانی مەجلیس، خێبرەگان و شۆراکان به دەنگی خەڵک لە سەر کورسیی دەسەڵات دانراون!"

ئەم قسانەی ڕۆحانی لە حاڵێکدایە کە هەموو دنیا بینەری دەستێوەردانەکان و نمایشی بوونی هەڵبژاردنەکانی ئێرانن کە نموونەی بەرچاویشی هەڵبژاردنی ساڵی ٨٨ بوو، کە ئاڵۆزییەکی ئێجگار زۆری لە شارەکانی ئێراندا بەدواوە بوو.

لە لایەکی تریشەوە به پێی ئەسڵی ١٠٨ی فەسڵی ٨ی یاسای بنەڕەتیی ئێران هەڵبژاردنی ڕێبەر لە ئەستۆی خێبرەگانە کە ئەمەش قسەکانی ڕۆحانی ڕەت دەکاتەوە.

ڕۆحانی لە قسەکانیدا ئاماژەی به ئازادیی حیزب، میدیا و ڕادەربڕین کردووە و وتوویەتی ئێمە ڕێژیمی رابردوو نین کە دەیگوت لە ئێراندا تەنیا یەک حیزب هەیە؛ ئێمە ڕۆژنامە، حیزب و میدیاگەلی جۆراوجۆرمان هەیە! ئەمەش لە حاڵێکدایە که زۆربەی گرووپ و حیزبە سیاسییە ڕەخنەگر و دژبەرەکانی رێژیمی ئێران، مۆڵەتی چالاکی لە ئێرانیان نییە و بە هەزاران چالاکی سیاسی لە زیندانەکانی ئێراندا ئەشکەنجە دراون و لەسێدارە دراون.

ڕۆحانی هەروەها سەبارەت به درووستکردنی مووشەک قسەی کردووە و وتوویەتی ئێمە بۆ درووستکردنی مووشەکەکانمان لە کەس ئیجازەمان وەرنەگرتووە و لەمەوبەدواش ئیجازە وەرناگرین و به هەموو هیزەوە کار دەکەین.

ناوبراو لە درێژەدا سەبارەت به خۆشبژێوی کۆمەڵایەتی، پشتیوانی لە کەمینە دینی و مەزهەبییەکان و پێگەی بەرزی ژن وەکوو دەسکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی لەم ٤٠ ساڵەدا ئاماژەی کردووە، ئەمە لە حاڵێکدایە که به تایبەت لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا دۆخی ئابووریی نالەباری ئێران، خەڵکی تووشی هەزاران کێشەی قەرەبوونەکراو کردووە، ژنان بۆ دابینکردنی مافەکانی خۆیان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و هەر رۆژ لە شوێنێکی ئێراندا ناڕەزایەتی و مانگرتن لە نێوان چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەدا بەڕێوە دەچێت.

ئاگری ئیسماعیل نژاد، چالاکی سیاسی، سەبارەت به لێدوانەکەی ئەمڕۆی ڕۆحانی لە سەر فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی:

لێدوانەکەی ٢٢ی ڕێبەندانی ٩٧ی حەسەن ڕۆحانی لە چەند ڕووەوە گرینگ بوو:

 ١ـ بۆ یەکەمین جار لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە ئاستی سەرکۆماریدا، باس لە ئاڵۆزیی نێوان ئێران و ڕووسیە کرا، کە ئەمە ئەتوانێ ئاماژه بۆ هەڵگیرسانی ئاڵۆزی لە نێوان ڕووسیە و ئێراندا بێت.

٢ـ ڕۆحانی لە قسەکانیدا هەوڵی دا به سەر دروشمی "نە شەرقی، نە غەربی، کۆماری ئیسلامی"دا بێتەوە. دروشمێک کە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا بەرەو لای ڕۆژاوا گۆڕدرابوو.

٣ـ ڕۆحانی ڕەوایی حکوومەتەکانی باشووری کەنداو، ئاسیای ناوەندی، ئەفغانستان و هەرێمی کوردستانی برده ژێر پرسیار و به چەواشەکاری لە مێژوودا هەوڵی دا ڕۆڵی خراپکارانەی خۆی لەم ناوچانەدا وەکوو حەق نیشان بدات.

٤ـ لە بواری سیاسەتی نێوخۆییشدا، بە فەرمی لە باڵی ڕێفۆرمخواز دوور کەوتەوە و خۆی پەیوەست به خامنەییەوە کرد.

٥ـ ئەگەر سەرنجی وتەکانی ئەمڕۆی ڕۆحانی و کردەوەی سپا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بدەین، ئەگەری زۆری هەیە ستراتێژییەکی نوێ کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە لایەن خامنەییەوە ڕاگەیەندرێت بریتییە لە جەخت کردنەوە لە سەر هەبوونی وڵاتانی ناوچە و هەروەها چوونە دەرەوە لە بەرجام.