کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆحانی: لە ڕێکەوتی ١٣ی خەزڵوەر هیچ ڕووداوێک لە ئێراندا ڕوو نادات

12:15 - 12 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە، کە بارودۆخی ئەرز بە شێوەیەک نییە کە کۆمەڵگا تووشی کێشە بکات.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەر، حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دانیشتنی هەیئەتی دەوڵەتی ڕێژیم، جەختی لەوە کردەوە، کە لە ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەر، هیچ ڕووداوێک ڕوو نادات و ئامریکا هەموو گەمارۆوەکانی خۆی پێش لەم ڕێکەوتە جێبەجێ کردووە. بڕیار وایە ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەر خولی دووهەمی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر نەوت و نیزامی بانکەکانی ئێران دەست پێ بکات.

سەرکۆماری ئێران لە درێژەی قسەکانیدا داوای لە ڕاگەیاندن و میدیاکان کرد، کە پەیامی ناهومێدانە بڵاو نەکەنەوە و خەڵک نیگەرانی داهاتوو نەکەن و وتی "خەزێنەکانی وڵات پڕن لە کاڵا سەرەکییەکان و دۆخی ئەرزی بە شێوەیەک نییە کە کۆمەڵگا تووشی کێشە بکات".

حەسەن ڕۆحانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە دابەزینی نرخی ڕیاڵ کاری دەوڵەت خۆیەتی و دەوڵەت دەیەوێت بە بەرزکردنەوەی نرخی ئەرز، ڕیاڵ بەدەست بهێنێت و لەم ڕێگەوە کەمیی بوودجەی خۆی قەرەبوو بکاتەوە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردبوو، کە ئامریکایییەکان دەیانەوێت بۆ ماوەیەکی کاتی گوشارمان لەسەر دروست بکەن، هەتا لە بواری سیاسیدا لە نێوخۆی ئامریکادا دەستکەوتێکی بچوکییان هەبێت.

ڕۆحانی وتبووی: کە دانڵد ترامپ ئامانجێکی نێوخۆیی هەیە و قسە و کارەکانی بەرپرسانی ئامریکا هیچ پێوەندییەکی بە ناوچەیەک و جیهانی عەرەبییەوە نییە.

بەرپرسانی  ڕێژیمی ئیسلامی بەردەوام باس لەوە دەکەن، ئەگەر هەتا چەند مانگێکی تر بەرانبەر بە گەمارۆوەکانی ئامریکا خۆیان بگرن، ئەوا هەموو سیاسەتەکانی ئامریکا پووچەڵ دەکەنەوە.

ئەم قسانەی حەسەن ڕۆحانی لە کاتێکدایە، کە خەڵکی ئێران لە دۆخێکی ئابووریی دژواردا دەژین و بە دەگمەن پێداویستییە سەرەتایییەکانی ژیانیان دەست دەکەوێت و ڕۆژانە بەردەوام هەواڵی گرانتربوونی کاڵا و خواردەمەنییە سەرەکییەکان بڵاو دەبێتەوە.