کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆحانی لە کاردانەوە بە قسەکانی ترامپ وتی: قسەی دڵی خۆتان بەرامبەر ئێران کرد

17:15 - 17 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە بارەی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراقدا، وڵامی قسەکانی سەرکۆماری ئامریکا دایەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی بەفرانبار، حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە بارەی هۆکاری مانەوەی هێزەکانی ئامریکا لە وڵاتی عێراق، کە بە چاوەدێرییکردنی ڕێژیمی ئێران ڕاگەیێندراوە، ڕایگەیاند: "ئێوە دەتانەوێت چاوەدێری هێزی ئێران، چین و ڕووسیە بن".

هەروەها ڕۆحانی ڕوو لە دانڵد ترامپ وتبووی: "ئێوە بە زمانێکی نادیپلۆماتیک و زبر دەڵێن، کە لە عێراق دەمێنینەوە و پێشتر دەتانگوت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم لە عێراقداین، بەڵام چ باش کە قسەی دڵتان کرد و وتتان لە عێراقدا دەمێنینەوە هەتا چاەودێری ئێران بکەین".

هەروەها ناوبراو جەختی لەوە کردبووەوە، کە هێزەکانی ئامریکا لە ئەفغانستاندا لەبەر هەمان هۆکار ماونەتەوە.

سەرکۆماری ئامریکا، ڕۆژی یەکشەممە بە کاناڵی سی.بی.ئسی وتبووی: "دەیانەوێت بنکە نیزامییەکانیان لە عێراقدا، کە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعش دروستیان کردبوو، بۆ چاوەدێریکردنی ڕێژیمی ئێران بیهێڵنەوە".

دانڵد ترامپ، سەرەڕای جەختکردنەوە لە مانەوەی ‌هێزەکانی ئامریکا لە عێراقدا، پشتیوانی لە چوونەدەرەوەی هێزەکانی لە سووریەدا کرد.

هەروەها سەرکۆماری ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە بە توندی هێرشی کردە سەر ڕێژیمی ئێران و ئەم دەسەڵاتەی بە "دیکتاتۆرێکی بەسەرچوو" و گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم ناوزەد کرد.