کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆخانەی قەرەسوو بەهۆی ئاوەڕۆوە پیس بووە

16:47 - 13 رێبەندان 2720

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشان لە پەیوەندی لەگەڵ پیسیی ڕۆخانەی قەرەسۆوە وتوویەتی کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تێکەڵبوونی ئاوەڕۆی شاری و پیشەیی لەگەڵ ئەو ڕۆخانەیەدا.

بەپێی ڕاپۆرتی یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم "فەرەیدوون یاوەری" بەڕێوبەری گشتیی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی کرماشان بە باسکردن لەوەی کە پیسبوونی ڕۆخانەی قەرەسوو جێی لێخۆشبوون نییە ڕایگەیاند کە یەکەیەکی پیشەیی کە ئەگەری هەیە بووبێتە هۆی پیسبوونی ئاوی ئەو ڕۆخانەیە بە بەرپرسانی دادوەری ناسێندراوە.

ناوبراو لە پەیوەندی لەگەڵ پیسبوونی ئاوی ئەو ڕۆخانەیەدا بەهۆی پاڵاوتنگەوە وتوویەتی کە هیچ پاشماوەیەکی پیس لەڕێگای پاڵاوتنگەی کرماشانەوە ناچێتەوە نێو ڕۆخانەی قەرەسوو چون ئەو پاڵاوتنگەیە چەند ساڵێکە کە بە بەکارهێنانی سیستەمی پاڵاوتنی ئاوەڕۆ لەڕێگای بیووتێکنۆلۆژییەوە، بە بەکارهینانی باکتریی نەوتخۆر، پاشماوە نەوتییەکان دەکات بە ئاوی خاوێن کە لەگەڵ ستانداردە ژینگەییەکان یەک بێت کە زیاتریش بۆ سەوزایی و دار و دەوەنی دەوروبەری پاڵاوتنگە بە کاری دێنن.

یاوەری، گرینگترین هۆکاری پیسبوونی ڕۆخانەی قەرەسووی گەڕاندووەتەوە بۆ ئاوەڕۆی شاری و وتوویەتی: "بەشێک لە ئاوەڕۆی شاری کرماشان لە "دروودفرامان" و سووچی ڕۆژهەڵاتی شاردا دەپاڵێودرێت، واتا نزیکەی ٣٠ تا ٤٠ لەسەدی ئاوەڕۆکە دەپاڵێودرێت و ئەوەی دیکە وەکوو خۆی دەڕژێتە نێو ڕۆخانەی قەرەسووەوە.