کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆمانی "بەردینە" لە نووسینی "سەید قادر هیدایەتی" چاپ و بڵاو کرایەوە

11:51 - 24 رێبەندان 2721

ڕۆمانی "بەردینە" لە نووسینی "سەید قادر هیدایەتی" لە ٢٤٠ لاپەڕەدا لەلایەن چاپەمەنیی "خانی" چاپ و بڵاو کرایەوە.

نووسەر لە ڕۆماندا بە شێوازێکی جیاواز کاری لەسەر زمان، شێوازی گێڕانەوە، قسەکردن، گەڵاڵە و داڕشتنی چیرۆک کردووە و گرینگیی بە باری مێژووییش داوە.

 ڕۆمان لەلای نووسەر تەنیا بەسەرهات و گێڕانەوە نییە بەڵکوو ڕۆمان لەلای نووسەر لە ئەنجامی کارکردن لەسەر زمان، تێکنیک، گێڕانەوە، گەڵاڵە، قسەکردن و... لە زەمینەی کۆمەڵگەدا بەدی دێت.

چیرۆک و بەسەرهاتی ڕۆمانەکە لە سەردەمی شاعەباسی سەفەویدا ڕوو دەدا، ڕووداوی مێژوویی و کارەساتی "دمدم" یەک لە تەوەر و تێمە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکەیە.

"سەید قادر هیدایەتی" بۆ هەر یەک لە ڕۆمانەکانی زمانی تایبەت بە خۆیانی بەکار هێناوە و بۆ ڕۆمانی "بەردینە"ش لە زمانێکی کەونارای بەیتبێژانە، دیوانی و دیوانخانی یان میرزایانە کەڵکی وەرگرتووە.

ئەو زمانە کەونارایە لە بەردینەدا کۆڵەکەی سەرەکییە. لە زۆر شوێندا وەک زمانی حەیران و بەندە کوردییەکان لیریک و دڵدارانە و لە کاتی پێویستدا حەماسی و پڕشکۆیە.

ڕۆمانی "بەردینە" لە ئەنجامی بەریەککەوتن و پێکگەیشتنی مێژوو و ئەفسانە و بەیتی کوردیدا، چوارچێوە و گێڕانەوە و زمانێکی تایبەتی بە خۆیەوە گرتووە.

وشەی "بەردینە" واتا "سێبەری بەرد"، ئیستعارەیە بۆ خولیای "میرخانی برادۆست و هاوڕێیانی لە قەڵای "دمدم".