کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆمانی "کۆچی ئەستێرەکان" چاپ و بڵاو کراوەتەوە

12:11 - 26 پووشپەڕ 2722

ڕۆمانی "کۆچی ئەستێرەکان" چوارەمین بەرهەمی "یوسف بابەکی" خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن چاپەمەنیی "ماد" لە شاری سنە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

ئەو ڕۆمانە گێڕانەوەیەکی پۆست مۆدێڕنانەیە و باس لە چەندین جۆر لە کۆچی مرۆڤەکان دەکات و دوای لێکدانەوەی ئەو بابەتانە ڕۆڵی ئەوان لە پێکهاتنی جیهانی پاش‌مۆدێڕن دەخاتە بەر باس.

لەو ڕۆمانەدا کاراکتێری "سروە" بەهۆی ڕووداوێکەوە بەرەو شاری مەهاباد کۆچ دەکات و لەو شارە لەگەڵ کاراکتێری "کاوە" ئاشنا دەبێت و پێکەوە زەماوەند دەکەن. دواتر لە شەڕی ئێران و عێراقدا لێک جیا دەبنەوە و سروە پاش ماوەیەک بەرەو تورکیە دەچێت. لە تورکیە عاشقی نووسەرێک دەبێت.

ئازاد، هاوڕێی کاوە لەو سەروبەندەدا لە ئێران هەڵدێت و لە تورکیە دەگیرسێتەوە و ئەویش لەوێ لەگەڵ کچێک بە ناوی "کانی" ئاشنا دەبێت و پاش ماوەیەک یاسای پەنابەری لێکیان دوور دەخاتەوە.

لە ئاکامدا و دوای ساڵانێکی زۆر دووری و دابڕان، "کاوە" و "ئازاد" گراوییەکانی خۆیان دەدۆزنەوە و دەبینن کە خەریکی دروستکردنی جیهانێکی نوێن.