کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆنی خۆراکی لە پارێزگای "ورمێ" دەست ناکەوێت

10:57 - 16 بەفرانبار 2720

جێگری کاروباری بازرگانیی ڕێکخراوەی پیشە، کانگا و بازرگانیی پارێزگای ورمێ وتوویەتی: "لە ٩٥ لەسەدی دووکان و بازاڕەکاندا ڕۆن هەیە"، بەڵام خەڵک بەنیسبەت نەبوونی ڕۆنی خۆراکی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

نەبوونی ڕۆن لە بازاڕدا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ڕۆن، بە جۆرێک کە لە زۆربەی دووکانەکاندا ڕۆن بە نرخی دوو بەرابەر زیاتر دەفرۆشرێت.

بەرپرسانی ڕێژیم خۆیان دانیان بەوەدا ناوە کە ڕۆن لە بازاڕدا نییە، بەڵام بازاڕییان لە نرخی نوێی ڕۆن کە چەندین جار گۆڕانی بەسەردا هاتووە، نیگەرانن.

کێشەی کەمیی ڕۆن لە بازاڕەکان و هەروەها بەرزبوونەوەی دوو بەرابەریی نرخەکەی، بنەماڵە کەمداهاتەکانی زیاتر نیگەران کردووە. هەروەها ملیۆنان بنەماڵەی کەمداهات لەو دۆخەی ئێستادا کە کۆرۆنا هەموو ئێرانی تەنیوە، ناچارن بۆ بەدەستهێنانی ڕۆنێکی هەرزانتر چەندین کاتژمێر لە سەفدا ڕاوەستن.

لە دۆخی ئێستای ئێراندا کە بنەماڵە کەمداهاتەکان توانای دابینکردنی لانیکەمیی بژێویی ژیانیان نییە، گرووپە مافیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دەستیان بەسەر تەواوی جومگەکانی بازاڕدا گرتووە و لەم دۆخە کەڵکاژۆ وەردەگرن.