کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆچوونی زەوی لە پێدەشتەکانی ئێران

11:59 - 3 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لە دەشتی کەبودەرئاهەنگی هەمەدان بە شێوەیەکی مەترسیدار زەوی نشستی کردووە و هەندێ چاڵی ترسناک دروست بوون.

میدیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی هەینی ٢ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی وێنەی ڕۆچوونی زەویان لە دەشتەکانی کەبودەرئاهەنگی هەمەداندا بڵاو کردووەتەوە کە بە پێی ئەو هەواڵانە بە هۆی ڕۆچوونەکەوە چاڵەیەک بە پانی ٦٠ میتر و قووڵایی ٤٠ میتر دروست بووە.

شارەزایان هۆکاری دروست بوونی وەها چاڵەگەلێکیان لە دەشتەکانی ئێراندا بۆ کەڵکوەرگرتنی زۆر و بێبەرنامە و بێسەرەوبەرەی ئاوی ژێرزەوینی گەڕاندووەتەوە.

هەواڵدەری مێهری ڕێژیم لەو بارەوە نووسیویەتی ئەوە پیشاندەری ئەو ڕاستیەیە کە زەوی تا قووڵایی ٦٠ میتر وشک و بێ ئاو بووە و هیچ جۆرە تەڕاییەکی نەماوە.

عادڵ عەرەبی، بەرپرسی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی پارێزگای هەمەدانیش، لەو بارەوە ڕایگەیاندووە: "ئەو خەسارانەی کە بە زەوی گەیشتوون لانیکەم ٥٠ ساڵ کاتیان پێویستە تا زەوی وەک خۆی لێ بێتەوە".

ئەوە ٢٥مین دیاردەی ڕۆچوونی زەوی و دروست بوونی وەها چاڵەگەلێکن کە لە دەشتەکانی ئێراندا ڕوویان داوە.

شارەزایان و پسپۆڕان نیگەرانی ئەوەن کە ئەو دیاردەیە شارەکان و ناوچە پیشەییەکانیش بگرێتەوە و ببێتە هۆی خەسارێکی زۆر گران.