کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژ بە ڕۆژ لە کوردستان و ئێران خەڵک کارەکانیان لەدەست دەدەن و بێکارتر دەبن

10:52 - 11 رەزبەر 2721

بەپێی ئاماری ناوەندی ڕێژیمی ئێران کە ڕۆژی هەینی ٩ی ڕەزبەر بڵاو بووەتەوە، ڕێژەی ئەو کەسانەی پیشەیەکیان هەبووە و تەمەنیان ١٥ ساڵ بۆ سەرەوە بووە لە هاوینی ئەمساڵدا کەمتر لە ٢٣ ملیۆن و ٤٥٠ هەزار کەس بووە کە بەنیسبەت هاوینی پار ١٣٦ هەزار و ٥٨٤ کەس کەمی کردووە.

ئامارەکانی ئەو ناوەندەی ڕێژیم پیشان دەدات کە ڕێژەی کەسانی پیشەدار لە هاوینی ساڵی ٩٨دا زیاتر لە ٢٤ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار کەس بووە.

بەو پێیە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی ئەو کەسانەی کاریان هەبووە، ٥.٢ لەسەد کەمی کردووە، یان بە شێوەیەکی دیکە ١.٣ ملیۆن پیشە لەنێو چوون. پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ١٢ ملیۆن و ١٤٣ هەزار کەس لە فەرمانگەی خزمەتگوزاری خەریکی کار بوون، بەڵام هاوینی ئەمساڵ ئەو ڕێژەیە بۆ ١١ ملیۆن و ٤٢٩ هەزار کەس دابەزیوە.

هەروەها بەشەکانی دیکەی ئابووری وەکوو پیشەسازی و کشتوکاڵیش لەگەڵ ئەو شێوە قەیرانە بەرەوڕوو بوونەتەوە.