کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥ ڕۆژ سنوورداریەتیی هاتوچۆ لە ئێران ڕاگەیەندرا

17:15 - 19 بانەمەڕ 2721

بۆ کۆنترۆڵی شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا لە ئێران لە سەرتاسەری وڵاتدا ٥ ڕۆژ سنوورداریەتیی هاتوچۆ ڕاگەیەندراوە و ڕووحانی وتوویەتی، هەر ڤاکسینێک یەکەم جار بکەوێتە بەردەست باشترین ڤاکسینە.

"عەلیڕەزا ڕەئیسی" وتەبێژی ستادی کۆرۆنای ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە لە کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢١ بانەمەڕ تا ١٢ی نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٥ی بانەمەڕ، سنوورداریەتیی هاتوچۆ لە سەرجەم شارەکانی ئێران بەڕێوە دەچێت و سەرپێچیکاران بەپێی ڕێژەی بەربڵاویی ڤایرۆسەکە لە هەر شاردا ٥٠٠ هەزار تا یەک ملیۆن تمەن سزا دەدرێن.

هاوکات لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا سەفەرەکانی نێوان پارێزگا جیاوازەکانیش قەدەغە دەکرێت.

بەپێی ئاماری فەرمیی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، بە گیانلەدەستدانی ٢٨٣ کەسی دیکە بەهۆی کۆرۆناوە سەرجەم ئاماری قوربانییان گەیشتووەتە ٧٤ هەزار کەس و ئامارە نافەرمییەکان باس لە دووبەرابەریی ئامارەکان بەپێی ئامارە ڕاستییەکان دەکەن.

حەسەن ڕووحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران داوای لە خەڵک کردووە کە هەر ڤاکسینێکیان دەست کەوت لە خۆیانی بدەن و چاوەڕێی ڤاکسینی باشتر نەبن.

ئەو داوایەی ڕووحانی لە کاتێکدایە کە هیچ گەرەنتییەک بۆ باشبوونی ئەو ڤاکسینانەی لە ئێراندا هەیە نییە.