کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژانە ٢٠ ملیۆن لیتر ئاوەڕۆ دەڕژێتە نێو گۆلی زرێبار

09:03 - 20 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی ناوەندی بێهداشت و دەرمانیی ڕێژیم لە مەریواندا ڕایگەیاندووە کە ڕۆژانە ٢٠ ملیۆن لیتر ئاوەڕۆ لەم شارەدا بەرهەم دێت و بەشێکی زۆری دەڕژێتە نێو زرێبارەوە.

"هوشیار سایەمیری"، بەرپرسی ناوەندی بێهداشت و دەرمانیی ڕێژیم لە مەریواندا، بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕۆژانە هەر تاکێکی ئێرانی ١٥٠ لیتر ئاوەڕۆ بەرهەم دەهێنێت، وتوویەتی: "حەشیمەتی شاری مەریوان ١٥٠ هەزار کەسە و بەم پێیە، شاری مەریوان ڕۆژانە ٢٠ ملیۆن لیتر ئاوەڕۆ بەرهەم دەهێنێت".

ناوبراو لە درێژەدا وتی: "لەبەرەتیبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەم بیاڤە، لەبەرچاوگرتنی کاروباری بێهداشتی و دانانی ڕێڕەوێکی ئوسووڵی بۆ ناردنی ئاوەڕۆی ئەم شارە بۆ پاڵاوتگەی ئاوەڕۆی مەریوانە تا ڕێ لە ڕژانی ئەم ئاوەڕۆیە بۆ نێو گۆلی زرێبار بگیرێت".

ئەمانە لە حاڵێکدایە، کە بەرپرسانی ڕێژیم، جگە لەوەی کە هەنگاوێک بۆ پارێزگاریکردن لە گۆلی زرێبار نانێن، بەرپرسیاری سەرەکیی هەڕەشەکانی سەر زرێبارن و سپای تێرۆریستی پاسداران، ئەرکی تایبەتی لەنێوبردنی ئەم گۆلە و ژینگەی کوردستانی لە ئەستۆیە.

هەروەها ڕژانی ئەم ڕادە زۆرەیە لە ئاوەڕۆی شاری مەریوان، جگە لەوەی کە هەڕەشەیەکی زۆر جیددییە لەسەر زرێبار و ئەو گیانلەبەرانەی کە تێیدا دەژین، مەترسییەکی گەورەیشە بۆ سەر تەندروستیی هاووڵاتییانی مەریوان و ئەو موسافرانەی کە سەردانی ئەم شارە تووریستییە دەکەن و نەخۆشیگەلێکی زۆر لە کەمیندایە.

جگە لە ڕژانی ئاوەڕۆی شاری مەریوان لەم ئاستە بەرزەدا بۆ نێو زرێبار، ئاوەڕۆی گوندەکانی دەوروبەری ئەم گۆلەیش، دەڕژێتە نێو زرێبار و لە لایەن ڕێژیمەوە هیچ بەرنامەیەک بۆ پێشگرتن بەم هەڕەشانە نییە، بەڵکوو بە شێوازێکی سیستماتیک، پیلان بۆ لەنێوبردنی ئەم گۆلە دادەڕێژن.

هەروەها، وێڕای هۆشدارەکانی ژینگەپارێزانی کوردستان، بەتایبەت ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان، بۆ ڕزگارکردنی زرێبار لەو هەڕەشانەی کە لە سەریەتی، هەمیشە بێدەنگیی ڕێژیم و تەنانەت دژکردەوەی سپای تێرۆریستی پاسدارانی لێ کەوتووەتەوە.