کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژانە ٣٤ کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست دەدەن

12:03 - 16 خاکەلێوه 2721

لە سەرەتای نەورۆز بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ ڕۆژانە ٣٤ کەس گیانیان لەدەست داوە و ڕێژەی ڕووداوەکان ٢٦ لەسەد بەرز بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو بەرز بووەتەوە.

لە ماوەی ڕۆژەکانی نەورۆزدا ڕۆژانە بە شێوەی نێونجی یەک ملیۆن و ٧٧٩ هەزار ماشین لە نێوان پارێزگاکاندا هاتوچۆیان کردووە.

هەتا ڕێکەوتی ١٤ی خاکەلێوە سەرجەم ١١ هەزار و ١٨ ڕووداوی هاتوچۆ تۆمار کراوە و ٤٧٦ کەس گیانیان لەدەست داوە.

هاوکات بەهۆی ئەو ڕووداوانەی هاتوچۆ ٣ هەزار و ٨٥٢ کەس بریندار بوونە.

ئەمساڵ ڕووداوی هاتوچۆ بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو ٥٧ لەسەد و ڕێژەی ئەو کەسانەی گیانیشیان هەر لەو ماوەیە لەدەست داوە بەنیسبەت ساڵی ڕابردووە ٤٩ لەسەد بەرز بووەتەوە.

لە ساڵی ڕابردوودا ٨٠٠ هەزار ڕووداوی هاتوچۆ لە ئاستی ئێران و کوردستاندا ڕووی داوە کە گرینگترین هۆکارەکەی بۆ نائەمنبوونی جادە و ماشینەکان دەگەڕێتەوە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ڕەخنە لە پیشەی ماشینسازیی ئێران دەگرن کە پیشەی ماشینسازیی لە ئێراندا هیچ ستاندارێکی نییە.

بەرهەمهێنانی ماشینی پراید لە ئێراندا ڕەخنەی تووندی لەسەرە و چەند جار بڕیار دراوە کە بەرهەمهێنانی ئەو ماشینە کە بە "ئەڕابەی مەرگ" وەسف دەکرێت؛ پێشی پێ بگیرێت.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران گیان لەدەستدانی هاووڵاتییان بە ڕووداوی هاتوچۆ لە ئێران لە ساڵێکدا لەگەڵ ئاماری تەلەفاتی شەڕێکی قورس یەکسانە.