کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٨ ڕۆژنامە و گۆڤار لە پارێزگای سنە داخراون

11:56 - 20 خەرمانان 2720

لە ماوەی سێ ساڵدا لە پارێزگای سنە ٢٨ بڵاوکراوە لە جۆرەکانی ڕۆژنامە، گۆڤار، بڵاڤۆک، وەرزنامە، مانگنامە و جۆرەکانی دیکەی چاپکراوە بە بڕیاری ڕێژیم چاپەکانیان ڕاگیراوە.

ڕۆژنامەوانان لە پارێزگای سنە لە دۆخێکی دژواردا کار دەکەن و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووەوە ٢٨ بڵاوکراوەی جۆراجۆر لەلایەن جێگری چاپەمەنییەکانی ئەو پارێزگایەوە چاپەکانیان ڕاگیراوە.

لەو لیستەیەدا ژمارەیەک لە بڵاوکراوەکان تەنیا بڵاوکراوەیەکی زانستی بوونە و باقیی بڵاوکراوەکانی دیکە باسیان لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان کردووە.

لە کوردستان ڕۆژنامەوانان لە دۆخێکی دژواردا کار دەکەن و چالاکییەکانی ئەو توێژەی کۆمەڵگە لەژێر چاودێریی چڕی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێراندایه.

بەشێکی زۆر لە ڕۆژنامەوانانی کورد بە تۆمەتی جیاواز سزای قورسیان بۆ بڕدراوەتەوە. سانسۆری میدیا و چاپەمەنییەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە ئاستێکدایە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە پشتیوانی لە چاپەمەنییەکان دەکەن، ڕەخنەی توند لە ڕێژیمی ئێران دەگرن.

هەواڵنێرانی بێسنوور لە ڕاپۆرتێکی نوێدا بڵاوی کردووەتەوە، سەرکوتی ڕۆژنامەوانان لە ئێران بەهێزتر بووە و دەبێ شورای مافی مرۆڤ پێش بەو سەرکوتە بگرێت.

ڕۆژنامەوانان لە ئێران بە تۆمەتی جیاواز دەسبەسەر دەکرێن و سزای قورسیان بۆ دەبڕدرێتەوه. ڕێژیمی ئێران لە بواری ئازادیی چاپەمەنییەکان لەنێوان ١٨٠ وڵاتی جیهاندا پلەی ١٧٣ی هەیە.