کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەنووسێکی ئاڵمانی کتێبێکی لەسەر کوردستان نووسی

12:18 - 15 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕۆژنامەنووسێکی ئاڵمانی و دۆستی نەتەوەی کورد، کتێبێکی لەسەر کورد و کوردستان نووسیی.

ژنە ڕۆژنامەنووسێکی ئاڵمانی و دۆستی نەتەوەی کورد، بە ناوی "کریستین ڕودۆلف"، لە شاری بێرلینی وڵاتی ئاڵمان، پاش سەردانەکانی بۆ کوردستان، کتێبێکی بە شێوەی ڕۆمان و بە ناوی "کوردستان گەشتێک بۆ ئیمپراتۆریای هەڵۆوەکان"، لەسەر کورد و کوردستان نووسیوە، کە لەو کتێبەدا چەندین باسی لەسەر نەتەوەی کورد و کوردستان، نیشتمانی کوردان و هەروەها قارەمانی و ئازایەتی پێشمەرگەی کوردستان، وەکوو گێڕانەوەی ڕاستییەکان ئاماژەی پێ کردووە.

کریستین ڕودۆلف، لەسەر نووسینی  کتێبەکەی ڕایگەیاندووە: کتێبەکەم بە ناوی "کوردستان گەشتێک بۆ ئیمپراتۆریای هەڵۆوەکان" نووسیوە، ئەم کتێبە بە شێوەی ڕۆمانە و گێڕانەوەی کۆمەڵێک لە ڕاستییەکانە لەسەر کوردستان، بە هۆی ئەم کتێبە ئاڵمانییەکان زانیاری زیاتریان لەسەر کورد و کوردستان دەست دەکەوێت و زۆر چێژ لە خوێندنەوە ئەو کتێبە و ڕووداوە ڕاستییەکان دەبەن کە لەو کتێبەدا ئاماژەیان پێ کراوە.

ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسە، لە سێمینارێکدا کە کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئاڵمان لە شاری بێرلین بۆ ناوبراویان ڕێک خستبوو، باسی لە سەفەرەکانی بۆ کوردستان کردووە و نێوەڕۆکی کتێبەکەی بۆ ئامادەبووانی سێمینارەکە شی کردەوە، هەروەها باسی لە قارەمانەتیی پێشمەرگەی کوردستان و بەتایبەت ئازایەتی پێشمەرگەکان لە شەڕی دژبە تێرۆریستانی داعش کردووە و وتوویەتی: "هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە تێکشکاندنی گرووپی تێرۆریستی داعش، ئورووپایان لەو گرووپە تێرۆریستییە پاراستووە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئازایەتییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە بەرانبەر تێرۆریستان و بەتایبەت تێرۆریستانی داعشدا بەرز نرخاندووە و وتوویەتی: "هەر وەکوو لە میدیاکان و هەواڵەکاندا بیستوومانە، شەڕی هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرانبەر تێرۆریستاندا لە دەرەوەی ناوچەکانی کوردستانیش وەکوو ناوچەکانی مووسڵ و دەروبەری عێراق، نیشانەی ئازایەتی و قارەمانەتی پێشمەرگەی کوردستانە، پێشمەرگەکان شەڕێکی جوانمێرانەیان کردووە".

کریستین ڕودۆلف، ڕۆژنامەنووسی بواری سەربازییە لە ئاڵماندا و لەسەر سپای ئاڵمان چەندین کتێبی نووسیوە، ناوبراو خۆی بە دۆستی نزیکی نەتەوەی کورد دەزانێت.