کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەوان و چالاکێکی ژینگە لە پارلمانی کانادا: کۆماری ئیسلامی شیاوی هیچ چەشنە سازانێک نییە

11:57 - 2 پووشپەڕ 2722

''نیک ئاهەنگ کەوسەر'' ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری ئاو و ژینگە لە پارلمانی کانادا وتوویەتی: "دەسەڵاتدارانی وڵاتانی دێموکراتیک دەبێ وریا بن و بزانن کە ئەگەر بەرنگاری بارمتەگرتن و تێرۆریستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەبنەوە، ئاکامێکی جگە لە شکست بەدواوە نابێت''.

ناوبراو کە شارومەندی وڵاتی "کانادا"یە لەسەر داوای گرووپی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی مەجلیسی کانادا لە وتارێکدا لەبارەی پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا وتوویەتی: "لەبەرچاو نەگرتنی بیروڕای ڕووناکبیران لە ئێران کە گوێیان بەداواکارییەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران نەداوە، ناتوانێت بە قازانجی جیهانی دێموکراتیک بە تایبەت کانادا بێت. ڕێژیمێک کە ژنان بە فەرمی ناناسیت و بیرمەندان و پارێزەرانی ژینگە زیندانی دەکات، شیاوی هیچ چەشنە سازانێک نییە''.

''نیک ئاهەنگ کەوسەر'' بە ئاماژە بە ڕۆڵی بەرپرسان و دەستوپێوەندییەکانی سپای پاسدران لە تێکدانی ژینگە و وێرانکردنی سەرچاوەکانی ئێران و هەروەها کوشتن و زیندانیکردنی لایەنگرانی ژینگە باسی لەوە کرد: ''دڵهەژینە کە دەبینم لە ترسی گیانی خۆم پەنام بۆ وڵاتی کانادا بردووە و بە دژوارییەکی زۆر لەو وڵاتە نیشتەجێ بوومە، بەڵام فەرماندەکانی سپا، منداڵان و بنەماڵەکەیان و شەریکی جینایەتەکانیان لە کاوڵکردنی ئێران، بە بێ سەرئێشە و بە ئاسودەیی لەو وڵاتە نیشتەجێ بوونە و ئیمکاناتی ئەو وڵاتە بەهرەمەند بوونە''.

ئەو ڕۆژنامەوانە هەروەها باسی لەوە کردووە خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی بە ١٧٧ مسافیرەوە لەلایەن سپای پاسدران کارێکی بەئەنقست بووە و ڕێژیمی ئێران بنەماڵەی قوربانییانی ئەو ڕووداوەی خستووەتە ژێر گوشاری ڕەوانی و جەستەیی، بەڵام دەوڵەتی کانادا لە بابەت ئەو هەڵسوکەوتانەی ڕێژیمی ئێران بە نەرمی دەجوڵێتەوە.