کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی "جمهوری ئیسلامی" باس لە نەبوونی دادپەروەری لە ئێران دەکات

11:58 - 13 رێبەندان 2721

ڕۆژنامەی ''جمهوری ئیسلامی'' کە سەر بەر باڵی توندئاژۆی ڕێژیمی ئێرانە، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕێبەندان بە ڕەخنەگرتن لە دۆخی ئێران نووسیویەتی: ''دوای ٤٢ ساڵ لە تێپەڕینی شۆڕش لە ئێران، بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ئاشکرا دان بەوەدا دەنێن کە هیچ عەداڵەت و دادپەروەرییەک لە کۆمەڵگەی ئێران نابینرێت''.

ئەو ڕۆژنامەیە لە بەربەری ساڵوەگەڕی شۆڕشی گەلانی ئێران نووسیویەتی: ''لەبارەی هەژاری و کێشەی بژێویی ژیانی خەڵک چ بەرپرسان دانی پێدا بنێن و چ دانی پێدا نەنێن، جێگای هیچ گومانێک نییە کە کۆمەڵگەی ئێمە یەکێک لە خراپترین کۆمەڵگەکانە''.

بودجەی ئەو ڕۆژنامەیە کە لەلایەن ڕێژیمەوە دابین دەکرێت نووسیویەتی کە کەلێنی چینایەتی لە ئێران هاوار دەکات، چینی دەوڵەمەند لە باشترین دۆخی خۆشبژێوی، ژیانێکی شاهانەیان هەیە و چینی هەژاریش لە دۆخیکی زۆر دژواردا ژیان دەکەن.

ڕۆژنامەی ''جمهوری ئیسلامی'' کە ناتوانێت چاوپۆشی لە ژیانی سخت و دژواری خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بکات، ڕەخنەی لە دۆخی ئێستا گرتووە، بەڵام دیەهەوێت پاکانە بۆ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و یەک لەوان ''خامنەیی'' بکات.

ئەو ڕۆژنامەیە لە ڕاستای پەڕاندنەوەی بەرپرسانی ڕێژیم لەو دۆخە نووسیویەتی: "خستنە سەر شانی ئەو دۆخە بەسەر ئەم و ئەو قەبووڵ ناکرێت و کارێکی دروستیش نییە و کێشەی خەڵکیش چارە ناکات''.

بڵاوبوونەوەی ئەو بابەتە لەو ڕۆژنامەیەدا لە حاڵێکدایە کە چەند ڕۆژ لەمەوپێش ''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئیران، سەبارەت بە دۆخی ئابووری و ژیانی خەڵک لە دەیەی ٩٠ی هەتاوی ناڕزایەتیی پیشان دابوو و هۆکاری ئەم دۆخەی خستبووە سەرشانی بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە و خۆی بێبەری کردبوو.