بەپێی نووسینی ڕۆژنامەی جمهوریی ئیسلامی (جمهوری اسلامی)، هەیئەتێک بە نوێنەرایەتیی "گرووپی تاڵبان"، ماوەی چەند ڕۆژە خەریکی دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.
ئەو هەیئەتە بە شێوەی فەرمی هاتووەتە ئێران و هەواڵی چاوپێکەوتنەکانی، لە میدیاکانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران بڵاو کراوەتەوە.
ئەو ڕۆژنامەیە هەروەها نووسیویەتی: "هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە تاڵبان هەتا ئێستاش گرووپێکی تێرۆریستییە. تەکلیفی ئێمە لەگەڵ گرووپە تێرۆریستییەکان ڕوونە. هەر بۆیە، ئێستا ئەو پرسیارە هاتووەتە ڕوو کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕووی چ مەنتێق و لووژیکێکەوە، گرووپێکی تێرۆریستیی وەکوو میوانێکی فەرمی لە وڵاتەکەی قەبووڵ کردووە و لەگەڵ نوێنەرەکانی دانوستان دەکات؟".
پێشتریش "گرووپی ئێقدامی ئێران" لە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا لە حەوت بەش، باسی لە "هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران" لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان کردبوو.
لە یەکێک لە بەشەکانی ئەو ڕاپۆرتەدا، پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە تاڵبان و گرووپە تێرۆریستییەکان لە ئەفغانستانی خستووەتە بەر باس و هەروەها ڕێژیمی ئێرانی وەکوو پشتیوانی تێرۆریزم و بکەری بنەڕەتیی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەت ئەفغانستان، ناو لێ بردووە.
بە وتەی کارناسانی کاروباری ئێران، ڕێژیمی ئێران خۆی ڕێژیمێکی تێرۆریست و پشتیوانی تێرۆریستەکان لە سەرتاسەری جیهانە و هەر لە سەرەتاکانی سەپاندنی خۆی بە سەر کۆمەڵگای ئێران، بە سیاسەتەوە تێرۆری دژبەرانی پڕۆژە تێرۆریستییەکانی خۆی دەست پێکردووە.
دادگای میکۆنۆس لە بێرلین شایەتی ئەو ڕاستییەیە کە کاربەدەستانی ڕێژیم، تێرۆریست و پشتیوانی تێرۆریستەکان بوونە و هەن.