کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی جمهوریی ئیسلامی نووسیویەتی، دەوڵەت بودجەی حەوزەی عێلمییە و دامەزراوە بێ کەڵکەکان بپچڕێت

16:21 - 1 سەرماوەز 2721

لە حاڵێکدا ڕێژیمی ئێران لەگەڵ کورتهێنانی بودجەی زیاتر لە ٤٠٠ میلیارد تمەن بەرەوڕووە و لەو ڕاستایەدا دەوڵەت و مەجلیسی ڕێژیم بە دوای کەمکردنی بودجەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و لابردنی ''یارانە''وەن، ڕۆژنامەی جمهوری ئیسلامی کە سەر بە ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانە نووسیویەتی، بودجەی ناوەندە تایبەتەکان و حەوزەکانی عێلمییە دەبێ هەڵ بگیرێت.  

نووسەرانی ئەو ڕۆژنامەیە لە پێناسەی حەوزەی عێلمییەکان و دامەزراوەکانی سەرەوەی ڕێژیم وتوویانە: ''بە ناونیشانی خزمەت بە فەرهەنگی ئیسلامی، دامەزراوەگەلێک کە بۆ بڕەودانی کەسەکان دامەزراون و بودجەیان بۆ تەرخان دەکرێت، دیاردەگەلێکن کە خۆیان بە بودجەی دەوڵەتی هەڵواسیوە، بەڵام کەڵکێکیان نییە".

ئەو ڕۆژنامەیە بەبێ ئەوەیکە ڕێژەی ئەو بودجەیە ئاشکرا بکات، نووسیویەتی: "تەرخانکردنی بودجە بۆ ئەو دامەزراوانە بارێکی قورسی لەسەر خەڵک داناوە".

حەوزەکانی عێلمییە و دامەزراوە ئایینییەکان کە هەموو ساڵێک پشکیان لە بودجەی ئێراندا بەرز دەبێتەوە لە بەرامبەر دامەزراوە چاوەدێرییەکان وڵامدەر نین.

لەلایەکی ترەوە یەکێک لە ئاخوندەکانی حەوزەی عێلمییەی قوم بە ناوی "مەحموود ڕیازەت" وتوویەتی: "هەیئەتە مەزهەبییەکان بڕیار بوو کە وەک زانکۆ وا بن، بەڵام وەک ڕێستوورانیان لێ هاتووە. مەداحەکان لە هەیئەتەکاندا بۆ خۆیان ئیمپراتۆرییان پێک هێناوە و کاری ئابوورییان بۆ خۆیان وەڕێ خستووە".