کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی ''جمهووریی ئیسلامی" بڵاوی کردووەتەوە بەشداری لە هەڵبژرادنی شۆراکان ١٠ هەتا ٢٠ لەسەد بووە

17:54 - 9 پووشپەڕ 2721

ڕۆژنامەی ''جمهووریی ئیسلامی'' سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نووسیویەتی: ''ڕاستییەکی تاڵ لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایانەی شۆراکانی شار ئاشکرا بوو، کە بۆ جارێکی دیکە یاسای شۆراکان و هەڵبژاردنی شۆراکان پێویستە پێداچوونەوەی بەسەردا بکرێتەوە.

ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوە کردووە کە ڕاستی تاڵ ئەوەیە کە ڕێژەی بەشداربووان لە هەڵبژاردنی شۆراکان، لەنێوان ١٠ هەتا ٢٠ لەسەد بووە، بەو واتایە لەنێوان ٨٠ هەتا ٩٠ لەسەدی ئەو کەسانەی کە دەتوانن دەنگ بدەن، گوێیان بە هەڵبژاردنەکانی شۆراکان نەداوە.

 ئەو ڕۆژنامەیە تەنیا باسی لە بەشداریی کەمی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی شۆراکان کردووە، لە حاڵێکدا لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریشدا ڕێژەی ئەو کەسانەی کە دەنگیان داوە، لە کەمترین ئاستی خۆیدا بووە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیمی ئێران تەنیا ٤٨ لەسەد لەو کەسانی کە دەیانتوانی دەنگ بدەن، بەشدارییان لە شانۆی هەڵبژرادنەکاندا کرد لە حاڵێکدایە زۆرێک لە لێکۆڵەران دەڵێن ئاماری بەشداربووان زۆر لەوە کەمترە.

لەلایەکی دیکەوە لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا دەنگی سپی پلەی دووهەمی هێنایەوە، وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیمی ئێران، ڕێژەی نێونجیی دەنگی سپی لە ئێران ١٣ لەسەد ڕاگەیاندبوو؛ کە لە مێژووی هەڵبژرادنەکانی سەرکۆماری لە ئێران بێ‌وێنە بووە.